بەرپرسێكی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، ئێستە سەرجەم ئامادەكارییەكان تەواو بوون بۆ ئەوەی مووچەی زیندانییانی سیاسی و شەهیدان بخرێتە سەر عێراق.
ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی ئاب، فوئاد عوسمان گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، خستنەسەری ناوی شەهیدان و مووچەكانیان بۆ سەر حكوومەتی عێراق بڕیاری پەرلەمانی عێراقە.
گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان گوتی، هەموو ئامادەكارییەكان تەواو بوون و نامەیەكمان بۆ سەرۆك وەزیران ناردووە بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بكەین و لەگەڵی كۆ ببینەوە، هەروەها رەزامەندی لەسەر گواستنەوەی مووچەكەیان دراوە.
ئاماژەی دا، زیاتر لە 100 هەزار كەس سوودمەند دەبن بەو بڕیارە، لەگەڵ رێكارەكانی جێبەجێكردن مووچەكەنیان دەگوازرێتەوە بۆ سەر بەغدا.
بەپێی بڕیارێكی ساڵی ڕابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حكوومەتی عێراقی ناچار كرد بە ڕێكخستنی مووچەی سەرجەم كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.
هەرێمی كوردستان خاوەنی زیاتر لە 100 هەزار خێزانی شەهید و زیندانی سیاسیی شەڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانە لە ڕابردوودا.