وادەی تۆماری دەنگدەران درێژ كرایەوە

:: AM:11:48:09/08/2018 ‌
بەرپرسێكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، وادەی تۆماری دەنگدەران درێژ دەكرێتەوە تا حەوت ڕۆژی تر.

ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی ئاب، ئیسماعیل خورماڵی بڕیاردەری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، بڕیاری درێژكردنەوەی ماوەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران درا تا رۆژی 16ی ئابی2018.

بڕیاردەری كۆمسیۆن گوتی، تا ئێستە دیار نییە بەتەواوی چەند كەس ناوی خۆی نوێ كردووەتەوە، چونكە لەڕێی ئەلكتارۆنیش هاووڵاتییان سەردانی دەكەن بۆ دڵنیابوونەوە لە بوونی ناوەكانیان.

خورماڵی ئاماژەی دا، كەمی سەردانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو كەسانەی شوێنیان گۆڕیوە یان ناوەكانیان كێشەی تێدایە و راستی دەكەنەوە سەردانی بنكەكان دەكەن، بۆیە زۆر لە خەڵك بەشێوەی ئۆنلاین سەردانی بنكەكان دەكەن.

ڕۆژی هەشتی ئایار/مایۆ، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە مەرسوومێك ڕۆژی 30 ئەیلوول/سێپتێمبەری بۆ ئەنجامدانی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كرد و كۆمیسیۆنیش دەستی بە ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە كردووە، پەرلەمانی كوردستان لە 111 كورسی پێك دێ، 11 كورسی بۆ پێكهاتە نەتەوەیییەكانی كوردستان دیاری كراوە و لە 19ی ئایار/مایۆی 1992 هەڵبژاردنی خولی یەكەم ئەنجام درا، لە 2005 و 2009 و 2013 خولی دووەم و سێیەم و چوارەمی پەرلەمان هاتنە هەڵبژاردن.



وشە - رامیار جەواد