فۆرن پۆلسی ئن فۆكس: ئەمەریكا بنكەیەكی هاوشێوەی ئەنجەرلیك لە هەولێر دروست دەكات

:: PM:12:08:09/08/2018 ‌
لە ماوەی ڕابردوو بەرپرسانی پێشوو و ئێستەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كۆنگرەیەكی تەناهییان لەبارەی بەرژەوەندی وڵاتەكە و بوونی سەربازانیان لە عێراق و ئەفغانستان بۆ دوو دەیەی داهاتوو تاوتوێ كرد، زۆر لە بەرپرسانیش دووپاتیان لەوە كردووەتەوە كە دەبێ واشنتن بنكەیەكی هاوشێوەی ئەنجەرلیكی توركیا لە هەولێر دابمەزرێنێت.

پێگه‌ی "فۆرن پۆلسی ئن فۆكس" بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌ گوته‌ی به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكای لەمیانەی بەشدارییان لە كۆڕبەندی تەناهی "ASPEN"، هێمایان بۆ ئەوە كردووە، بەرەوپێشچوونی دۆخی ئەفغانستان جێی گەشبینییە، بەڵام لە عێراق كەمترین متمانەیان بە باشبوونی دۆخەكە كردووە، دانیشتنی یەكەمی كۆڕبەندەكە لەلایەن كیم دوزیر بەڕێوە براوە و ئاماژەی داوە، تا ئێستە دەیان هەزار سەربازمان لە عێراق و ئەفغانستان هەن، ئایا دوای زیاتر لە دەیەیەك لە هێرش بۆ سەر ئەو دوو وڵاتە مانەوەی هێزەكانمان پێویستن؟.

بەشێك لە بەرپرسانی ئامادەبووی ئەو كۆنگرەیە بە پێویستیان زانیوە كە مانەوەی سەربازانی ئەمەریكا بۆ ماوەیەكی درێژ بێ و بە هیچ شێوەیەك هەردوو وڵات چۆڵ نەكرێن، بۆ ئەوەی بەردەوام بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە سامانی وزە و كانزای سروشتی ئەو دوو وڵاتە پارێزراو بێت.

هەریەك لە تۆماس شانون، سامنسا ڤینوگراد، خوان زاراتی و ئادم شیف كە بەرپرس بوون لە كابینەی بوش و ترەمپ و ئۆباما دووپات لەو بیرۆكەیە دەكەنەوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە بەگوێرەی توێژینەوەیەكی زانكۆی بڕوان، لە جەنگی ئەفغانستان 100 هەزار كەس بوونەتە قوربانی و لە عێراقیش 200 هەزار كەس، زۆرینەی قوربانییەكانیش لە ڕیزی خەڵكی سڤیلن.

خوان زارارتی كە لە سەردەمی حوكمی بۆشی كوڕ ڕۆڵی لە هێرشكردنە سەر سەدام هەبووە گوتی، پێویستە بوونی سەربازی ئێمە لەو دوو وڵاتە جێگیر بێ، بە تایبەتی لە ماوەی دوو دەیەی داهاتوو، جیا لەوەیش پێویستە بنكەیەی سەربازی هاوشێوەی بنكەی ئەنجەرلیك لە هەولێر دروست بكەین كە پایتەختی كوردەكانی عێراقە، وەك جێگرەوەیەك بۆ بنكەی ئەنجەرلیكی توركیا، ئەمەیش پەیام و ئاماژەیەكی ڕوون دەبێ بۆ ئێرانییەكان و پێیان دەڵێین، ئێمە بوونمان لە ناوچەكە هەیە و ئەگەر پێویست بكات، دەتوانن بە خێراترین كات گورز بوەشێنین.

هاوكات سامانسا ڤینۆگراد دووپاتی لەوە كردەوە كە پێویستە لە عێراق و ئەفغانستان هاوشێوەی كۆریای باشوور مامەڵە بكەین، چونكە دوای جەنگی نێوان هەردوو كۆریا لە كۆتایی جەنگی دووەمی جیهان، ئەمەریكا هێزی زۆری لە كۆریای باشوورە و تا ئێستەیش ئەو وڵاتەی بەجێ نەهێشتووە.

تۆماس شانۆن كە لە حكوومەتی ترەمپ پۆستی باڵوێزی هەیە، دووپاتی لە بیرۆكەی دروستكردنی بنكەیەكی سەربازی لە هەولێر كردەوە و گوتوویەتی، ئەمە بە تەواوی جێی بایەخە و پێویستە بە وردی بەدواداچوون و توێژینەوەی لەسەر بكەین و دەست بە هەنگاو بكەین. 

كێشەی سەرەكی ئەمەریكا لە كابول و بەغدا ئەوەیە كە حكوومەتی بەهێز و سەربەخۆ دروست بكات، چونكە بەهۆی دەستوەردانی نەیارانی ئەمەریكا بەردەوام حكوومەتە هەڵبژێردراوەكانی ئەو دوو وڵاتە كە یەك دوای یەك دێنە سەر حوكم بە دەستوەردانی دەرەكی دروست دەكرێن و بە تەواوی لە بەرژەوەندی ئەمەریكا خۆیان یەكلا ناكەنەوە، ئەمەیش وا دەكات مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دروست ببێ و نائارامی دۆخی تەناهیش وا دەكات، كۆمپانیاكانی ئەمەریكا نەتوانن بچنە ئەو دوو وڵاتە و وەبەرهێنانی تێدا بكەن.

ئەو بەرپرسانەی ئەمەریكا سوور بوون لەسەر ئەوەی ئەمەریكا هێزەكانی لە دوو وڵاتەكە بهێڵێتەوە، بۆ ئەوەی دەرفەتی كار بۆ كۆمپانیاكانی ئەمەریكا بڕەخسێنن و دەست بە وەبەرهێنان بكەن، سامانی وزە و كانزا سروشتییەكان بە سوودی ئەمەریكا مامەڵەی پێوە بكرێ، جیا لەوەیش لە ململانێی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ڕێ نەدرێ ئەو دوو وڵاتە بە تەواوی بكەونە ژێر ڕكێفی نەیارانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.

ئەمەریكا لە 2003 و لە سەردەمی حوكمی جۆرج بۆشی كوڕ هێرشی كردە سەر عێراق و ڕژێمی بەعسی لەناوبرد، لە نۆی ئاب/ئۆگستسی 2014یش پاش ئەوەی تیرۆریستانی داعش لە هەولێر نزیك بوونەوە، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا دەستیان بە بۆردمانی تیرۆریستانی داعش كرد و گوێڕ و مەخموور لە تیرۆریستان پاك كرانەوە.

پرسی دامەزراندنی بنكەیەكی سەربازی هاوشێوەی ئەنجەرلیك لەلایەن ئەمەریكاوە زۆرجار لە میدیاكان و لەلایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتە و ناتۆوە خراوەتە بەرباس، بەڵام تا ئێستە بە فەرمی ئەو بابەتە ڕانەگەیەنراوە، بەڵام دۆخی ناوچەكە و گرژییەكانی نێوان ئەنكەرە و واشنتن، ڕێنەدانی توركیا بە بەكارهێنانی بنكەی ئەنجەرلیك لە كاتی هێرش بۆ سەر ڕژێمی سەدام وای لە ئەمەریكا كردووە، بیر لە جێگرەوەی ئەو بنكە سەربازییە بكاتەوە، تا ئێستەیش ئەمە یەكلا نەبووەتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەردی بناغەی گەورەترین كونسوڵخانەی لە شاری هەولێر دانا كە بە گەورەترین كونسوڵخانەی وڵاتەكە لە دنیا دادەنرێ، هاوكات لە زۆربەی باڵوێزخانەكانی ئەمەریكا لە وڵاتانی دنیا گەورەترە، ئەمەیش بە ئاماژەی گرنگیدانی ئەمەریكا بە هەرێمی كوردستان لێك دەدرێتەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د