بوتڵی ئاوی بەستوو هۆكاری شێرپەنجەیە

:: PM:12:28:09/08/2018 ‌

پزیشكان باس لە مەترسییەك دەكەن كە لەوانەیە لە زۆر شوێن خەڵك بە هۆی ناهوشیاری و ئاگادارنەبوون لە دەرهاویشتەكانی بەكاری بهێنن.

بوتڵی ئاوی پلاستیكی ئەگەر بخرێتە فریزەر و ئاوەكەی بیبەستێت، ئەوا گۆڕانكاری بە پلاستیكەكە دێت و لەگەڵ ئاوەكە تێكەڵ دەبێت و لەو كاتەشدا خواردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجەی لێ دەكرێت.

زۆر لە هاووڵاتییان فێر بوون بوتڵی پلاستیكی دەخەنە ناو فریزەر و ئەمەش بە شتێكی مەترسیدار هەژمار دەكرێت. بوتڵی پلاستیكی تەنیا لە كاتێكدا مەترسی نییە كە نەیبەستێت و زۆریش گەرم نەبێت و لە تیشكی خۆر بەدوور بێت.

"ئیرنا" بڵاوی كردەوە ئەنجوومەنی خۆراكی ئێران لەوبارەیەوە لێكۆڵینەوەی كردووە و هۆشداری داوەتە خەڵك لەم كارە دوور بكەونەوە. هاوكات باسی لەوە كردووە نابێت ئاوی لیمۆ و سركە بە هیچ شێوەیەك بخرێنە نێو بوتڵی پلاستییكەوە چونكە كاریگەرییان بۆ سەر پلاستیك هەیە بەو ترشەڵۆكەی لە پێكهاتەكەیاندا هەیە.

 لە هەرێمی كوردستانیش زۆر جار هاووڵاتییان چەند بوتڵێكی پلاستیكی ئاو دەخەنە ناو فریزەر و دواتر لەگەڵ خۆیاندا بۆ گەشت و سەیران دەیگوازنەوە یان بۆ هەرە مەبەستێكی تر سوودی لێ وەردەگرن كە بەگوێرەی ئەم لێكۆڵینەوەیە بە هەنگاوێكی مەترسیدار هەژمار دەكرێت.




وشە - سلێمان تاشان