سلێمانی..ژمارەیەك تۆمەتبار گیران

:: PM:01:19:09/08/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای كرد، لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا 33 تۆمەتبار بە تۆمەتی جیاجیا گیراون.

ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی ئاب، سەركەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری‌ ڕاگەیاندن و پێوەندییەكانی‌ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای‌ سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، لە ماوەی‌ 10 ڕۆژدا توانراوە 33 تۆمەتبار لەلایەن هێزەكانی‌ پۆلیسەوە گیراون و ددانیان بەتاوانەكانیاندا ناوە.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی گوتی، تۆمەتبارەكان جۆراوجۆرن، بۆ نموونە ژن و پیاوێك كە كارتی‌ زانیاریی‌ و پێناسەی‌ باری‌ كەسێتییان كۆپی‌ كردووە و بۆ كڕین و فرۆشتنی‌ زەوی‌ خەڵك بەكاریان هێناوە.

سەركەوت ئاماژەی دا، باندێكی‌ هۆشبەر كە لە شەش كەس پێكهاتووە گیراون، یەكێك لە تۆمەتبارەكان ژنە، لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە، هەروەها هەڵمەتی بێ‌ ناسنامە و سەرپێچی بەردەوامە و  248 پەردەی‌ ڕەشیش لە ئۆتۆمبێل كراوەتەوە.

گرتن و لابردنی سواڵكەران لە ترافیك و شوێنە گشتییەكان بەردەوامە و ژمارەیەكی زۆریان لێ گیراوە بەردەوامیش دەبێت بۆ ئەوەی ئەو دیاردە نەمێنێت. سەركەوت وای گوت.






وشە - رامیار جەواد