نرخی تمەن بەردەوامە لە دابەزین

:: PM:02:38:09/08/2018 ‌

سیاسەتی نوێی دارایی ئێران بۆ پاراستنی نرخی تمەن تەنیا دوو رۆژی بڕ كرد و ئەمڕۆ پێنجشەم دیسان نرخی تمەن بەرانبەر بە دۆلار و دراوەكانی تری بیانی دابەزی.

پێشتر نرخی دۆلار گەیشتبووە سەرووی 11 هەزار تمەن  و دوای ئەوەی بانكی ناوەندیی ئێران كڕین و فرۆشتن بە دراوی بیانی ئازاد كرد، خستنەڕووی دراوی بیانی كاریگەریی هەبوو بۆ سەر بەرزكردنەوەی نرخی تمەن.

لە دوو رۆژی رابردوودا نرخی هەر دۆلارێك بە نۆ هەزار تمەن و تەنانەت خوارووی نۆ هەزار تمەن ئاڵوگۆڕ كرا. "رادیۆ فەردا" بڵاوی كردەوە ئەمڕۆ پێنجشەم نرخی دۆلار دووبارە بەرز بووەتەوە و ئێستە هەر دۆلارێك بە 10 هەزار و 600 تمەن دەفرۆشرێت.

حكوومەتی ئێران خۆی چوار هەزار و 200 تمەنی بۆ هەر دۆلارێك لە بانكی ناوەندیی دیاری كردووە، بەڵام ئەم نرخە بۆ هاووڵاتییان نییە و حكوومەت بۆ كڕینی هەندێك پێداویستی تایبەتی ئەم نرخەی داناوە و دەیەوێت بەم كارەی رێگریی لە گرانبوونی زیاتری شتومەكەكانی وەك خۆراك و دەرمان بكات.

ئێران بەم كارەی ویستی لە بایەخی دەستپێكردنی سزاكانی ئەمەریكا كەم بكاتەوە و وا پێشانی بدات سزاكان هیچ كاریگەرییەكی بۆ سەریان نابێت. ئابووری ئێران لە پاشەكشەدایە، بۆیە پێشبینی زیاتر دابەزینی نرخی تمەن دەكرێ.




وشە - سلێمان تاشان