هێرشى ڕژێمى ئه‌سه‌د بۆ سه‌ر ئیدلب ده‌ست پێ ده‌كات

ئه‌مڕۆ وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك بۆ هێرشه‌كه‌یان بۆ سه‌ر شاره‌كه‌، هێزه‌كانى ڕژێمى ئه‌سه‌د ده‌ستیان كرد به‌ بۆردمانێكى چڕى شارى ئیدلب له‌ باكورى رۆژئاواى سووریا.

ئاژانسى فڕانس پرێس به‌ پشتبه‌ستن به‌ زانیارییه‌كانى ڕوانگه‌ى سووری بۆ مافه‌كانى مرۆڤ و ڕۆژنامه‌ى وه‌ته‌نى سه‌ر به‌ ڕژێمى ئه‌سه‌د له‌سووریا، بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هێزه‌كانى ئه‌سه‌د بۆردمانێكى چڕى شارى ئیدلب ده‌كه‌ن.

شارى ئیدلب ده‌كه‌وێته‌ باكورى خۆرئاواى سووریا، وه‌ك ئاژانسه‌كه‌ باسى ده‌كات %60ى شاره‌كه‌ به‌ده‌ست ئه‌نجوومه‌نى ته‌حریرى شامه‌، كه‌ پێشتر به‌ به‌ره‌ى نوسڕه‌ ناسرابوو، ئه‌م لایه‌نه‌ى ئۆپۆزسیۆنیش سه‌ر به‌ رێكخراوى تیرۆریستى قاعیده‌یه‌.

 شاره‌كه‌ له‌ ساڵى 2015وه‌ له‌ژێر كۆنتڕۆڵى ئه‌سه‌د ده‌رچووه‌، له‌ كۆتایى مانگى رابردوودا به‌شار ئه‌سه‌د له‌ چاوپێكه‌وتنێكى له‌گه‌ڵ كه‌ناڵێكى رووسى ئاشكراى كرد، خۆى بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ى شاره‌كه‌ ئاماده‌ ده‌كات.

 رامى عه‌بدوڕه‌حمان به‌ڕێوه‌به‌رى ڕوانگه‌ى سوورى بۆ مافه‌كانى مرۆڤ به‌ فڕانس پرێسى گوتووه‌، هاوكات له‌گه‌ڵ بۆردمانه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ، به‌شار ئه‌سه‌د له‌ سێ قۆڵه‌وه‌ هێزى زیاتر ڕه‌وانه‌ى ده‌وروبه‌رى ئیدلب ده‌كات.

شارى ئیدلب یه‌كێكه‌ له‌و شارانه‌ى زۆرترین تیرۆریست و گرووپى ئیسلامى توندڕه‌وى تێدا كۆ بووه‌ته‌وه‌، پێشتر ڕووسیا و ئێران كه‌ پاڵپشتى ئه‌سه‌د ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ توركیا كه‌ ئه‌مه‌شیان پاڵپشتى گرووپه‌ توندڕه‌وه‌كان ده‌كات، رێككه‌وتنى "نزمكردنه‌وه‌ى گرژییه‌كان"یان ئه‌نجام دابوو.

 به‌گوێره‌ى ئه‌م رێككه‌وتنه‌ش ده‌یان خاڵى چاودێرى توركیا له‌ شاره‌كه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ پێشبینى ده‌كرێت هێرشه‌كه‌ى ئه‌سه‌د بۆ سووریا به‌هۆى بوونى سوپاى توركیاوه‌ ئاڵۆزتر بێت.


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل


PM:02:40:09/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌