پڕۆژەی گازی شاهدنیز كە كەوتووەتە دەریای خەزەر لە قۆناغی دووەمی بەرهەمهێناندایە و ئەمەریكا باسی لەوە كردووە كە ئەم پڕۆژەیە هیچ سزایەك نایگرێتەوە.
ئێران لەو پڕۆژەیەدا 10% پشكی هەیە و رۆژانە 30 ملیۆن مەتر سێجا گاز و 54 هەزار بەرمیل بەرهەمی تری گازیی بەرهەم دەهێنێت و هەناردەی توركیای دەكات.
هەمووی مانگێكە بەشی دووەمی پڕۆژەكە كەوتووەتە كار و رۆژانە 44 ملیۆن مەتر سێجا هەناردە دەكات كە ساڵانە دەكاتە 16 ملیار مەتر سێجا.
بەگوێرەی "
رادیۆ فەردا" لەو بڕە گازەی هەناردە دەكرێت ساڵانە شەش ملیاری بۆ توركیایە و ئەوەی تری بۆ ئەوروپا رەوانە دەكرێت.
ئەمەریكا هەڕەشەی كردبوو هەموو ئەو وڵات و كۆمپانیایانەی كە لەگەڵ ئێران پێوەندیی بازرگانییان هەیە ئەگەر لە پێوەندییەكەیان بەردەوام بن، ئەوا سزا دەدرێن.
ئەمەریكا بۆیە ئەم پڕۆژەیەی بەخشیوە بۆ ئەوەی گازی پێویست بۆ توركیا و ئەوروپا دابین بكرێت و نەبێتە هۆی دروستكردنی تەنگژەی وزە و چاوی لەو 10%ەی پشكی ئێران پۆشیوە.
سێ رۆژە سزاكانی سەر ئێران دەستی پێ كردووە و لە مانگی تشرینی دووەمیش قۆناغی دووەمی سزاكان دەست پێ دەكات كە كەرتی وزە دەگرێتەوە.