دوای لێپرسینەوەیەكی زۆر پەكەكە چوار هاووڵاتی رفێنراوی سیدەكانی ئازاد كرد

:: PM:04:38:09/08/2018 ‌
پارتی كرێكارانی كوردستان بۆ ماوەی دوو ڕۆژە چوار هاووڵاتی سنووری شارەدێی سیدەكانی گرتبوو، بەڵام ئەمڕۆ دوای هەوڵێكی زۆر ئەو هاووڵاتییانە ئازاد كران.

جاری یەكەم نییە پەكەكە هاووڵاتییانی ئەو سنوورە دەرفێنێت و بە ئارەزووی خۆی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكات،  لە ماوەی  رابردوویش چەندان جار هاووڵاتییانی گوندەكانی وەرتێ لە سنوری رواندز گیراون.

هاووڵاتییەكی دانیشتووی سنووری سیدەكان كە لە ترسی پەكەكە ئامادە نەبوو ناوی بڵاو بكاتەوە بە "وشە"ی  راگەیاند، دوو رۆژ بەر لە ئێستە چوار هاووڵاتی بە ناوەكانی  (شوجاع ئەحمەد و  سەرباز رەسووڵ و شەمزین ڕەسووڵ و حەتەم رەسوول)، كە بەمەستی كار و كاسبی چوونەتە گەلی خواكوڕك لە سەر سنووری نێوان  باشوور و باكور و رۆژهەڵاتی كوردستان، لەلاین پەكەكەوە گیران و دوای هەوڵێكی زۆر ئەمڕۆ ئازاد كران.

ڕوونی كردەوە، بیانووی پەكەكە لە گرتنی هاووڵاتییان ئەوەیە كە  گەلی خواكوڕك ناوچەیەكی گرنگی پەكەكەیە و شوێنی شەڕ و ئالۆزییە، بۆیە نابێت خەڵكی مەدەنی بەبێ پرسی ئەوان بچنە ئەوێ.
 
هاوكات موقەدەم زوبێر حالی، فەرماندەی پاسەوانانی سنوور لە سیدەكان بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی بوونی پەكەكەوە، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا و تۆپخانەكانی ئەو وڵاتە بە بەردەوام بۆردمان و تۆپبارانی گوند و ئاواییەكانی دەڤەری برادۆست دەكەن و لە ماوەی رابردوویش هاووڵاتییان زەرەرمەندی گیانی و ماڵی بوونە .

ئەو فەرماندە داوای لە هاووڵاتییان كرد كە خۆیان بە دوور بگرن لەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی پەكەكە تا بەهۆی ئاڵۆزییەكانی نێوان پەكەكە و توركیا نەبنە قوربانی .
هاوكات دوێنی "وشە" ئەوەی ئاشكرا كرد كە پەكەكە لە سنوورەكانی ژێر دەسەڵاتی هاووڵاتییان دەگرێت و ئێستە شێوازی ئەشكەنجەدانیان هاوشێوەی گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەكان لێ‌ كردووە.

شارەدێی سیدەكان 144 كیلۆمەتر لە باكوری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵكەوتووە و زیاتر لە 100 گوندی دەڤەرەكە بە هۆی ئاڵۆزیی نێوان پەكەكە و توركیا چۆڵ كراون و ئاوەدان نەكراونەتەوە .

سیدەكان/ موڕشید برادۆستی




وشە - سه‌رخێڵ هاشم