رووسیا بە وەرگرتنی چەند رێوشوێنێك وڵامی سزاكانی ئەمەریكا دەداتەوە

:: PM:05:17:09/08/2018 ‌

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رای گەیاند كە وڵاتەكەی كار بۆ وەرگرتنی رێوشوێنی تۆڵەسەندنەوە وەك وڵامدانەوەی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر وڵاتەكەی بەهۆی پرسی ژەهراویكردنی سێرگی سكریپاڵ، كارمەندی هەواڵگری سەربازیی رووسیا لە بەریتانیا، دەكات.

زاخارۆڤا ئەمڕۆ پێنجشەم لە میانی كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەی لە مۆسكۆ سەپاندنی سزاكانی لەلایەن واشنتن بەسەر مۆسكۆ بە كارێكی تری نادۆستانە وەسف كرد و رای گەیاند كە واشنتن وا دەكات بەهۆی ئاڵۆزییەكان پێوەندیان بگەینەێتە ئاستی سفر و ئەمەریكای بە (دووڕووی ئاشكرا) تۆمەتبار كرد و گوتی، سەرەڕای بەڵێنەكان بە باشتركردنی پێوەندییەكانی ئەمەریكا و رووسیا لە لووتكەی هلسنكی، كەچی جموجۆڵ بە ئاراستەی سەپاندنی سزاكان دۆخەكەی زیاتر ئاڵۆز كرد.
 
دوێنێ چوارشەم بەهۆی رووداوەكەی سالزبۆری بەریتانیا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند كە لە 22ی ئەم مانگە سزای نوێ بەسەر رووسیا دەسەپێنێت، ئەوەیش بەهۆی بەكارهێنانی گازی ژەهراوی لەدژی سێرگی سكریپاڵ، كارمەندی پێشووی هەواڵگریی رووسیا.

ئێوارەی دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی حكوومەتی رووسیا چەكی كیمیایی یان بایۆلۆجی، وەك پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتی لە هێرشەكەی بۆ سەر هاووڵاتییەكی لە بەریتانیا بەكار هێناوە.

وەك كەناڵی (NBC) باسی كردووە سزاكانی بەهۆی رووداوەكەی سالزبۆری بە دوو قۆناغ دێتە سەپاندن، یەكەمیان گەمارۆی تەواو بەسەر هەناردنی ئامێری ئەلیكترۆنی و پارچەی یەدەگ كە بۆ مەبەستی دوو سەرە بەكار دێت بۆ رووسا.

دووەمیش بریتییە لە سەپاندنی سزای تر دوای سێ مانگی ئەگەر رووسیا گرێنتی نەدات كە چیتر چەكی كیمیایی بەكار نایەنێت و ملكەچی پشكنینی نەتەوە یەكگرتووەكان دەبێت كە سزاكان بریتین لە دابەزاندنی ئاستی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی و قەدەغەی گەشتی ئاسمانی بەسەر كۆمپانیای (ئایەر فلووت)ی رووسی بۆ ئەمەریكا، لەپاڵ كەمكردنەوەیەكی زۆر لە قەبارەی هاوردە و هەناردنی نێوان هەردوو وڵات.

لە 4ی ئازاری رابردوو سێرگی سكریپاڵ، ئەفسەری پێشوو لە هەواڵگریی سەربازیی رووسیا كە لەلایەن رووسیا بە سیخوڕیكردن بۆ بەریتانیا تاوانبار كراوە، لە ناوچەی سالزبۆری بەریتانیا لەگەڵ یۆلیای كچەكەی ژەهراوی كران، ئەو كات لەندەن تێوەگلانی رووسیای لەو رووداوە راگەیاند كە مادەیەكی ژەهراوی بەكار هێناو و رووسیا رەتی كردەوە، لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری رابردوو هەردووكیان چارەسەریان بۆ كرا، بەڵام پێوەندییەكانی بەریتانیا و رووسیا ئاڵۆزی زۆری تێ كەوت.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل