سوپای ئەمەریكا: قاسم سلێمانی لە پشتەوەی ناسەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە

:: PM:05:35:09/08/2018 ‌

فەرماندەی سەركردایەتی ناوەندیی سوپای ئەمەریكا رای گەیاند كە قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران لە پشتەوەی زۆرێك لە چالاكییەكانی ئێرانە كە هۆكاری ناسەقامگیرین لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

جەنەراڵ جۆزێف فۆتیل، لە میانی لێدوانەكانی لە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا (پنتاگۆن)، سلێمانی بە خاوەن سروشتێكی دوژمنكارانە وەسف كرد و ئاماژەی كرد كە چالاكییەكانی ئێران لە كوێ هەبن، قاسم سلێمانی لەوێیە، جا لە سووریا یان عێراق یان یەمەن، هەروەها ئەو فەیلەقی قودسەی كە ئەو سەركردایەتی دەكات هەڕەشەیەكی سەرەكییە و لە پشتی شێواندنی سەقامگیرییە. 

لەبارەی هەڕەشەكانی دوایی ئێران و ئاماژەكردنی بۆ داخستنی گەرووی هورمز لە نێوان كەنداوی عەرەبی و دەریای عەرەب، فۆتیل دووپاتی كردەوە كە سوپای ئەمەریكا ئامادەیە بۆ پارێزگاریكردن لە ئازادی جموجۆڵی دەریاوانی لە گەرووەكە كە بە گرنگترین خاڵی تێپەڕبوونی نەوت لە دنیا دادەنرێت و 20%ی نەوتی دنیای پێدا تێپەڕ دەبێت.

لەبارەی مانۆری دوایی سەربازی ئێران فۆتیل گوتی، روونە ئەوان هەوڵی ئەوە دەدەن دەری بخەن كە خاوەن توانان، لەو كاتەی سزاكانی ئەمەریكا تا دێت چنگ لە قورگیان توندتر دەكات.

لە ماوەی رابردوو كاتێك دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بڕیاری پاشەكشەی وڵاتەكەی لە رێككەوتننی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و سەر لە نوێ سەپاندنەوەی سزاكانی بۆ سەر ئێران دا كە لە سێشەمی رابرووەوە قۆناغی یەكەمی سزاكان چووە بواری جێبەجێكردنەوە، بەرپرسانی سیاسی و سەربازی ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزیان كرد.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل