عێراق.. كی حكوومەت پێك دێنێت و كێ دەبێتە ئۆپۆزسیۆن؟

:: PM:07:11:09/08/2018 ‌

وەك ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە دادوەرانی هێنراو بۆ سەرپەرشتیكردنی كارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رایان گەیاند كە پرۆسەی جیاكردنەوە و ژماردنی دەستی دەنگەكانی سكالالێكراو لە ناوخۆی و دەرەوەی عێراق كۆتایی هاتووە، ئێستە لە چاوەڕوانی راگەیاندن و پەسنكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكە هاوپەیمانییە براوەكان، دەنگۆی لێكگەیشتن بۆ دروستكردنی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی بڵاو دەكەنەوە.

تا ئێستە دیار نییە كە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە لە 13ی ئایاری رابردوو ئەنجام دراوە چییە و گۆڕانكاری لە ئەنجامی راگەندراوی پێشوو هەیە یان نا، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لای خۆیەوە رای گەیاند كە ئەو قسانەی لەبارەی وەكیەكیی ئەنجامەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باسی لێوە دەكرێت راست نییە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان، ئەگەر تەوافوق لە نێوان هێزە سەرەكییەكان نەكرێت لەبارەی ئەنجامەكانەوە، دووبارە پرۆسەكە بچێتەوە ناو تانەدان لە ئەنجامەكان.

رەسووڵ رازی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە بارەی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی شایستە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق دووپاتی كردەوە، فراكسیۆنی گەورەترینی پەرلەمان لەلایەن هاوپەیمانییەكانی دەوڵەتی یاسا و فەتح و نەسڕ و هەردوو پارتی سەرەكیی هەرێمی كوردستان لە ماوەی رۆژانی داهاتوو دێتە پێكهاتن و پێشبینی كرد كە هاوپەیمانییەكانی سائیروون و حیكمە و وەتەنییە بچنە بەرەی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی.

زیاتر گوتی، ئەو 40 مەرجەی موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر بەم دووایە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق دیاری كرد، لەگەڵ رەوتی دەوڵەتی یاسا بۆ پێكهێنانی فراكسیۆنی گەورەترینی پەرلەمانیدا ناگونجێت و ئاماژەی كرد، هەریەك لە دەوڵەتی یاسا و فەتح و نەسڕ و هەردوو پارتی فەرمانڕەوا لە هەرێمی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوو فراكسیۆنی گەورەترین لە پەرلەمان پێك دێنن.  

روونی كردەوە، هەروەها هەریەك لە سائیروون و حیكمە و وەتەنییە روو لە رەوتی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی حكوومەت دەكەن لەناو پەرلەمان و لەو بارەوە دەوڵەتی یاسا گەیشتووەتە لێكگەیشتنی گەورە لەگەڵ زۆرینەی پارتەكان بۆ پێكهێنانی فراكسیۆنی گەورەترین. 

رازی ئاماژەی كرد، هەڵوێستی هێزە سوننەكان لەبارەی هاوپەیمانیكردن تا ئێستە نادیارە، روونی كردەوە، راگەیاندنی ئەنجامی جیاكردنەوە و ژماردنەوەی بەدەستی دەنگەكان بۆ هێزە سوننەكان یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ هاوپەیمانیكردن لەگەڵ دەوڵەتی یاسا یان سائیروون. 

لای خۆیەوە ئەمڕۆ پێنجشەم موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر و پاڵپشت بۆ هاوپەیمانی سائیروون (براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق)، وادەیەكی بۆ هێزە سیاسییەكان دیاری كرد بۆ جێبەجێكردنی 40 مەرجەكەی و هەڕەشەی بوونی بە ئۆپۆزسیۆن كرد ئەگەر بە مەرجەكانی رازی نەبن.

سەدر لە بەیاننامەیەكدا گوتی، ئەگەر زۆرێك لەو 40 مەرجەی پێشتر دیاریم كردبوو نەهاتنە دی، ئەوە سوێن بە جەبار جارێكی تر ناچمە پاڵ پشكپشكێنەی ئەوان و دابەشكاریان بۆ دەستكەوتەكان و رەوتی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و جەماوەری بنیاتنەرانە وەردەگرم، سەڕەرای سەختی و ناخۆشی رێگاكەی، بۆیە ئەوكات پێویستیم بە پاڵپشتیی جەماوەریانەی ئێوەیە بۆ ئەوەی ببینە یەك دەست لە پێناو عێراقدا.   

سەدر لە بەیاننامەكە داوای لەو لایەنە سیاسییانە كرد كە تا ئێستە وڵاتیان خۆش دەوێت بۆ ئەوەی پێوەندی بە فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن بە ناوی (بارستەی رزگاری نیشیتمانی) بكەن، بۆ رزگاركردنی وڵات لە مەترسی و ستەم و گەندەڵی تەشەنە بوو لە ناو حكوومەت و دەزگاكانی تەناهی و دادوەری و هیتریش.

سەدر لە كۆتادا وادیەكی دیاری كرد بۆ جێبەجێكردنی 40 مەرجەكەی، ئەگینا بڕیاری بوون بە ئۆپۆزسیۆن دەدەن و وادەكەیش تا پەسندكردنی ئەنجامی كۆتایی جیاكردنەوە و ژماردنی بەدەستی دەنگەكانە ئەگەر هەبوو، ئەگینا 15 رۆژ وادەی نێوان من و ئەوانە و لە ماوەیەیش رێگە بە دەستدرێژی بۆ سەر خۆپێشاندەران و چاوپۆشین لە داواكارییە رەواكانیان نادەم.

لای خۆیەوە رەوتی حیكمەی نیشتیمانی بە سەرۆكایەتیی عەمار حەكیم كە تا ئێستە بە لایەنێكی نزیكی هاوپەیمانەكەی سەدر دا دەنرێت و بەر لە رێككەوتنی سائیروونی و فەتح، لەگەڵ وەتەنییە رێككەوتننێكی سەرەتاییان لەگەڵ سائیروون واژوو كرد، ئەویش ئەمڕۆ هەڵوێستی خۆی لە بوون بە ئۆپۆزسیۆن ئاشكرا كرد.

محەمەد لەكاش، ئەندامی هاوپەیمانییەكە رای گەیاند، بەشداریكردنی حیكمە لە حكوومەت پێوەستە بە جێبەجێكردنی پێوەرەكانی مەرجەعیەت بۆ دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق و روونی كردەوە، ئەگەر رێنوێنییەكانی مەرجەعیەت (عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای نەجەف) لە دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق جێبەجێ نەبێت، ئەوە حیكمە بژارەی ئۆپۆزسیۆن هەڵدەبژێرێت. 

زیاتر گوتی، تا ئێستە هاوپەیمانییە سیاسییەكان ناجێگیرن و دوای راگەیاندنی ئەنجامی جیاكردنەوە و ژماردنەوەی دەنگەكان و پەسندكردنی ئەنجامی كۆتایی لەلایەن دادگای فیدراڵەوە تەواو دەبێت، بۆیە پێویستە سەدر بچێتە ریزی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لەناو پەرلەمان و بەشداری لە پێكهێنانی حكوومەت نەكات، ئەوەیش بە مەبەستی راستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی داهاتوو.   

دوێنێ پەرلەمانتارێكی پێشووی عێراق دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی داهاتووی عێراق لەسەر بنەمایەكی بەشبەشێنەی سیاسی دەبێت كە هەمووان لەخۆ دەگرێت بێ ئەوەی هیچ لایەنێك لە ناو پەرلەمان ببێتە ئۆپۆزسیۆن و ئەو حكوومەتە باوكانەی سەدر بانگەشەی بۆ دەكات تەنیا گۆڕینی ناوە و هیچیتر. 

محەمەد سەیهوود لەو بارەوە گوتی، هەموو هێزە سیاسییەكان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیەتییەكی فرەوان حكوومەتی نوێی عێراق پێك دێنن، بێ ئەوەی هیچ لایەنێك بەرەو ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لەناو پەرلەمان بچێت، ئاماژەی كرد، ئەو گفتوگۆیەی لە نێوان هێزە سیاسییەكاندا هەیە لەبارەی هاوپەیمانیكردن بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی ویزاری و دەستكەوتی سیاسییە لە نێوانیان. 

زیاتر گوتی، حكوومەتی داهاتوو درێژكراوەی حكوومەتی پێشوو دەبێت و لەسەر بنەمای بەشبەشێنە لە دابەشكردنی پۆستەكانی ویزاری و سەروەرییەكان دروست دەبێت و روونی كردەوە كە بانگەشەكانی موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی باوكانە یان نیشتیمانی، تەنیا گۆڕینی ناوی حكوومەتەكەی بێ گۆڕینی ناوەڕۆكەكەی. 

پێشتر هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتیی هادی عامری رای گەیاندبوو كە هەریەك لە هاوپەیمانییەكانی نەسڕ و فەتح و دەوڵەتی یاسا بە لێكگەیشتنی باش گەیشتوون بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی گەورەترینی نا پەرلەمان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، لەو كاتەی هاوپەیمانی سائیروون كە سەدر پاڵپشتی لێ دەكات، مەرجی ئەوەی بۆ عەبادی دیاری كرد بۆ كاندیدكردنی بۆ دووەم خولی پۆستی سەرۆك وەزیران بە راگەیاندنی وازهێنانی لە حزبی دەعوە.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل