ئێران.. داوای دەستلەكاركێشانەوەی حەسەن روحانی دەكرێت


هاوكات لەگەڵ ئاڵۆزبوونی دۆخی زیاتری ئێران بەهۆی سزاكانی ئەمەریكا و دابەزینی نرخی دراوی ئەو وڵاتە بۆ ئاستێكی پێوانەیی، مەحموود ئەحمەدی نەژاد سەرۆكی پێشووی ئێران لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا داوا لە حەسەن روحانی سەرۆكی ئێران دەكات كە دەست لەكار بكێشێتەوە.

دۆخی ئێران رووی لە ئاڵۆزبوونی زیاترە كاتێك سێشەمی رابردوو گەڕی یەكەمی سزاكانی ئەمەریكا بەسەر ئێران هاتە جێبەجێبوون و ئەمەریكا هەڕەشەی لە هەموو وڵاتانی دنیایش كرد كە لە نێوان ئێران و ئەمەریكا هەڵبژێرن، ئاخۆ پێوەندیی بازرگانی لەگەڵ كامیان دەكەن.

ناڕەزاییەكانی ناوخۆی ئێران بەهۆی دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی و كەمیی دراوی بیانی لەو وڵاتە بەردەوامە، هاوكات بۆچوونێك هەیە بەوەی توندڕۆیان لە ئێران هەلەكە دەقۆزنەوە بەوەی ئەو حكوومەتەی ئێستە بێدەسەڵاتە و ناتوانێت كێشە ئابوورییەكان چارەسەر بكات، ئەوەیش دوای ئەوەی لە 2015 رێككەوتننێكی ئەتۆمی لە نێوان ئێران و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی واژوو كرا، توندڕۆیان ئەوەیان كردووەتە پاساو بەوەی چیتر ئەمەریكا جێی متمانە نییە و پێویست بە بوونی حكوومەتێكی میانڕەو ناكات. 

نەژاد لە تۆمارە ڤیدیۆییەكە كە ئەمڕۆ پێنجشەم بڵاوی كردووەتەوە، داوای لە روحانی كردووە بۆ لاچوون لە دەسەڵات و گوتی، هەموو گەل لە دۆخی ئێستەی ئابووری بێزارە و حكوومەتیش ناراستگۆیە لەگەڵ گەلدا. 

زیاتر گوتی، لە رێككەوتننی ئەتۆمی دەسەڵاتمان بە تۆ دا و هیچمان بەدەست نەهێنا، ئاخۆ كێ بەرپرسیارە؟، بەڕێز روحانی گەل تۆی قبووڵ نییە، تۆ و پارێزگاران و ریفۆڕمخوازان هەر هەمووتان هاوبەشن لەوەی روو دەدات. 

سەرچاوە/ رووسیا ئەلیەوم




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل


PM:08:29:09/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 846 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌