رۆژنامەیەك: نەمانی پیرۆزیی ئێران لە عێراق ئاماژەیە بۆ كۆتاهاتنی دەسەڵاتەكانی

:: PM:10:37:09/08/2018 ‌

رۆژنامەیەكی فڕەنسایی ئاماژە دەكات كە خەڵكی باشووری عێراق لە دەستوەردانەكانی ئێران لە كاروباری عێراق بێزارن و ئەوەیشی روو دەدات سەرەتای كۆتاهاتنی دەسەڵاتەكانی ئێرانە لە عێراق.

رۆژنامەی "لوفیگارۆ"ی فڕەنسایی لە راپۆرتێكی كە ئەمڕۆ پێنجشەم بڵاوی كردووتەوە، ئاماژە دەكات، یەكەم جارە ناڕەزایەتییەكان دەگەن بە باشووری عێراق و ئەوەیش پەیامێكی روونە لەبارەی رەتكردنەوەی دەستوەردانی ئێران لە كاروباری وڵاتەكە و رەتكردنەوەی سیاسەتەكانی تاران لە ناوچەكە.

روونی كردەوە، دوای نزیكەی سێ مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، تا ئێستەیش ئەو وڵاتە بەدەست تەنگژەی پێكهێنانی حكوومەتەوە دەناڵێنێت، هەروەها باشووری عێراق هەڵمەتێكی فرەوانی ناڕەزایی بەهۆی نەبوونی سادەترین خزمەتگوزاری گشتی و بەرزی رێژەی بێكارییەوە بەخۆیەوە دەبینێت.

وەك رۆژنامەكە ئاماژەی كردووە، لە ناو هەڵكشان و توندتربوونی خۆپێشاندانەكان لە پارێزگاكانی باشووری عێراق، ژمارەیەك لە خۆپیبَشاندەرانی توڕە هەستان بە سووتاندنی وێنەی سەرانی دیاری ئێران لە پارێزگای بەسڕە و سەركۆنەی دەستوەردانەكانی ئەو وڵاتەیان لە كاروباری عێراق كرد.

رۆژنامەكە روونی كردەوە، لەو كاتەی عێراق هەوڵی ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ دەشتی نەینەوا دەدات، بە هۆی دەستوەردانەكانی ئێرانەوە تا ئێستە دەسەڵاتی سیاسی لە بەغدا بەشبەشە، بۆیە خەڵكی عێراق ماندوو و بێزارن لە ناسەربەخۆیی سەركردەكانیان لە بەرانبەر پەلهاوێشتنی ئێران. 

هاووڵاتییەكی عێراق بە رۆژنامەكەی گوت، پێشبینیكردنی چاكسازی راستەقینە لەو سیاسەتوانانەی ئێستە بێ هودەیە و ئەوەی لە باشوور روو دەدات ئاماژەیەكی روونە بۆ قەبارەی رەتكردنەوەی جەماوەری بۆ دەسەڵاتەكانی ئێران لە عێراق و رەنگدانەوەی نەمانی پیرۆزیی ئێران و سەرانی و ئەو هێزانەیشی پاڵپشتیان لێ دەكات لە عێراق.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل