پشكنینی خاوه‌ن پێداویسته تایبه‌ته‌كان له سنووری ئیداره‌ی گه‌رمیان، كۆتایی هات و ئه‌نجامه‌كه به دڵی كه‌مئه‌ندامان نییه و تانه‌ی لێ ده‌ده‌ن. چونكه به‌گوێره‌ی ئه‌نجامی پشكنینه‌كه، له كۆی زیاتر له حه‌وت هه‌زار خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، سه‌رووی هه‌زار كه‌سیان رێژه‌ی كه‌مئه‌ندامییان له‌و رێژه‌یه كه‌متره كه وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی دیاری كردووه، به‌و هۆیه‌شه‌وه مووچه‌كانیان ده‌بڕێت. به‌ڵام كه‌مئه‌ندامان پێیان وایه له پشكنینه‌كه‌دا په‌له كراوه و مافیان خوراوه.
دایكی ئاری به قوڕگی پڕ له گریانه‌وه، بۆ "وشه" ئاماژه‌ی به‌وه كرد، تا ئێسته زیاتر له دوو جار پشكنینی بۆ كوڕه 10 ساڵانه‌كه‌ی كردووه و هه‌موو جارێك له پشكنیندا ده‌ركه‌وتووه كه شایانی هاوكاری و چاودێرییه، بۆیه هاوكارییه‌كی كه‌می هه‌بوو. به‌ڵام وه‌ك خۆی ده‌ڵێ "ئێسته هاوكارییه‌كه‌ی بڕاوه به بیانووی ئه‌وه‌ی رێژه‌ی كه‌مئه‌ندامییه‌كه‌ی 65% كه‌متره".
ئه‌و ده‌ڵێت "ئێمه ساڵێكه چاوه‌ڕێین پاش پشكنین مووچه‌ی كوڕه‌كه‌م به‌رز ببێته‌وه، كه‌چی به‌پێی لیژنه‌كه ده‌بێ رۆڵه‌كه‌م مووچه‌بڕ بكرێ."
ره‌حمان ساڵح به‌رپرسی لقی گه‌رمیانی كۆمه‌ڵه‌ی رۆژ كه كۆمه‌ڵه‌یه‌كی تایبه‌ته به كه‌مئه‌ندامان، به"وشه"ی راگه‌یاند، به‌توندی ره‌خنه ده‌گرن له شێوازی پشكنینی كه‌مئه‌ندامانی سنووری گه‌رمیان، چونكه ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له كه‌مئه‌ندامان كه مافی خۆیانه مووچه‌یان پێ بدرێت، له لیسته‌كه هێنراونه‌ته ده‌ره‌وه و به‌گوێره‌ی پشكنینه‌كه خوارووی 65%یان پێ دراوه.
ئه‌و به‌رپرسه داوای له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پێوه‌ندار كردووه سكاڵای كه‌مئه‌ندامان به هه‌ند وه‌ربگرن و دووباره پشكنینیان بۆ بكه‌نه‌وه.
به‌رپرسی كۆمه‌ڵه‌كه پێی وایه پێكهێنانی لیژنه بۆ پشكنینی كه‌مئه‌ندام ده‌بێ له سێ پزیشك كه‌متر نه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی پشكنینی دروست بۆ ته‌واوی كه‌مئه‌ندامان بكه‌ن، به‌ڵام نیگه‌رانه له‌وه‌ی "رۆژ هه‌بووه به په‌له په‌ل تاكه پزیشكێك كاری دوو پزیشكی تریشی كردووه، ناكرێ كه‌سێك به ته‌نیا بڕیار له‌سه‌ر رێژه‌ی كه‌مئه‌ندامی بدات".
ساڵی رابردوو به‌هۆی نه‌بوونی پزیشكی تایبه‌ت له سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی گه‌رمیان، پزیشك له سلێمانییه‌وه چوو بۆ پشكنینی كه‌مئه‌ندامانی گه‌رمیان، بۆیه پرۆسه‌ی پشكنین ئه‌وكات خرایه دوای ناوچه‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان.
به‌رپرسێك له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاودێری و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌رمیان، باس له‌وه ده‌كات كه زیاتر له هه‌زار خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت له لیژنه‌ی پزیشكی ده‌رنه‌چوون و ده‌رگه‌ی تانه‌دانیان بۆ واڵا ده‌كه‌ن.
هه‌ژار به‌كر به‌رپرسی سه‌نته‌ری كه‌مئه‌ندامان و چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی خێزانی سه‌ربه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌رمیان، به"وشه"ی راگه‌یاند، له سنووری ئیداره‌ی گه‌رمیان حه‌وت هه‌زار و 290 كه‌مئه‌ندام پشكنینیان بۆ كراوه.
ئه‌و گوتی "نزیكه‌ی مانگێك ده‌بێ كاره‌كانی ئه‌و لیژنه‌یه له سنووری ئیداره‌ی گه‌رمیان كۆتایی پێ هاتووه. به‌گوێره‌ی ئه‌نجامه‌كه‌ی هه‌زار و 98 كه‌سیان له لیژنه‌كانی پزیشكی ده‌رنه‌چوون، واتا رێژه‌ی كه‌مئه‌ندامییان پێچه‌وانه‌وه‌ی رێنوێنییه‌كانی وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی بوو. له‌وانه‌ش 888 كه‌سیان یه‌ك مووچه و 210 كه‌سی تر دوو مووچه‌یان وه‌رده‌گرت.
هه‌ژار به‌كر باسی له‌وه‌ش كرد كه ده‌رگه‌یان واڵایه بۆ ئه‌و كه‌مئه‌ندامانه‌ی ره‌خنه‌یان له بڕیاری لیژنه‌كه هه‌یه و دووباره پشكنینیان بۆ ئه‌نجام ده‌ده‌نه‌وه.
هاوكات ده‌روون عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی چاودێری و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌رمیان، بۆ "وشه" ئه‌وه‌ی روون كرده‌وه، نه‌بوونی پزیشكی پسپۆڕ له ناوچه‌كه، وای كرد له ماوه‌كانی رابردوودا چاوه‌ڕێی لیژنه‌ی پزیشكی سلێمانی بكه‌ین، به‌ڵام به دووباره پشكنینه‌وه‌ی كه‌مئه‌ندامان له نزیكترین كاتدا، خه‌می ئه‌و كهمئهندامانهش دهرهوێننهوه.
گه‌رمیان/ سه‌بری هۆرێنی