په‌یامێك له‌ سه‌رۆك بارزانییه‌وه‌

:: PM:06:58:10/08/2018 ‌
بەبۆنەی کۆتاییهاتنی کارەکانی کۆنگرەی هەشتەمی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، سەرۆک بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی یەکێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان کرد و داوای لێكردن له‌سه‌ر ڕێبازی نیشتمانپه‌وه‌ری و دڵسۆزی بۆ وڵات به‌رده‌وام بن له‌ پێگه‌یاندنی كادران.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی هاتووه‌، بە بۆنەی کۆتاییهاتنی کارەکانی کۆنگرەی هەشتەم، "کۆنگرەی پێشمەرگە"، پیرۆزباییتان لێ دەکەم و هیوادارم لەهەموو بوارەکانی کاری داهاتوودا سەرکەوتوو و سەرفراز بن، دەستخۆشی لە ستافی پێشووی مەکتەبی سکرتارییەت دەکەم کە لە قۆناخێکی سەختدا زۆر دڵسۆزانە ئەرکەکانی خۆیان بەجێهێنا و هیوادارم لە هەموو ئەرکێکدا بەوشێوەیە چالاک و سەرکەوتوو بن.

له‌ به‌شێكی تری په‌یامه‌كه‌ هاتووه‌، پیرۆزبایی لە ستافی نوێی هەڵبژێردراوی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتییەکەتان دەکەم و ئامۆژگارییان دەکەم لەسەر ڕێبازی نەوەکانی پێشووی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، وەک هەمیشە نموونەی باڵای کاری ڕێکخراوەیی و قوتابخانەی پێگەیاندنی کادیری چالاک و دڵسۆز بن و لەسەر ڕێبازی پاکی کوردایەتی و نیشتیمانپەروەری و دڵسۆزیی بۆ گەل و وڵات بەردەوام بن.

ئێوارەی چوارشه‌م هه‌شتی ئاب/ئۆگه‌ست، ستافی نوێی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان هاتە هەڵبژاردن، هەریەك لە دلێر محەمەد، كەژان محەمەد، نورهات وەیسی، مەیسەر عوبێد، دەریا سدیق، هەژار سروور، نەوزاد سابیر، ڕێبوار ئەنوەر، ئازاد محەمەد، بە دەنگی ئەندامانی كۆنگرە توانییان زۆرینەی دەنگەكان بەدەست بهێنن و متمانەیان پێ بەخشراو و وەك ستافی نوێی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان پەسەند كران.

یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1953 بە فەرمانی مەلا مستەفا بارزانی دامەزراوە و لە ڕۆژی حەوتی ئەم مانگە هەشتەمین كۆنگرەی خۆی بە بەشداری 260 ئەندام و بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی، لە ژێر ناوی "پێشمەرگە" ساز كرد.




وشە - محەمەد میران