پووش و پەڵاش و دار و بەرد، بەها و گرنگی خۆیان لای پەیكەرسازێك سەلماندووە و ئەو گرنگییەش لە دەیان پەیكەریدا ڕەنگی داوەتەوە. ئەو پەیكەسازە ئێستە خەریكی ئامادەكردنی چالاكییەكی هونەریی نوێیە.
ئارام حەسەنی پەیكەرساز كە
تەمەنی ٤٦ ساڵە، لە شاری سلێمانی لە دایك بووە و لە ساڵی ١٩٨٧ ئارەزووی بوو بچێتە پەیمانگای هونەرە جوانەكان و لە یەكێك لە بەشە هونەریەكان بخوێنێت، بەڵام لەبەر بەعسی نەبوونی قبووڵ نەكرا و بەو هۆیەشەوە دەستی لە خوێندن هەڵگرت.
ئارام لە ساڵی ۱۹۹٨ دەستی كرد بەنووسین، خاوەنی دوو رۆمان و چوار نامیلكەی شیعرییە، رۆمانەكان بەناوەكانی (ژینبا) و (ریشی حەیدەر)
و نامیلكەكانیشی بەناوی (پرسیارەكانی رەشەبا)، (چل هەناسەی شكاو)، (بەدیار توانەوەی خۆمەوە دانیشتووم) و (سێبەری سپی) بڵاو كردوەتەوە، هاوكات
بەبێ خوێندن پەیكەرسازیی و شێوەكاری و وێنەكێشان و جواننووسی و نووسینی سیناریۆ و دەرهێنانی شانۆیی و دیزاینی كتێب فێر بووە.
ئارام گوتی، "لەمساڵیشدا بەهۆی كەمیی خوێنەرەوە، ویستم رۆمانی سێیەم بەپووش بنووسم لەبری قەڵەم بۆ ئەوەی بخوێنرێتەوە، بۆیە بە كۆمەڵێك پەیكەر چیرۆكێكم دروست كرد بەناوی (سەفەرنامە)، هەروەها لە گەڵای دار و پووش و كا و توێكڵەدار و ڕەگی ڕووەك و ڕیشاڵی دار و وردەبەرد و گڵ و كەتیرەی درەخت و
چیلكە و چەوێڵ و دڕك و گوڵ و كۆتەرەدارم بەكار هێناوە، ویستم لەو ڕێیەوە پەیامی ئاشتبوونەوەی مرۆڤ بە سروشت بگەیەنم، ئەمەش بۆ ئەوەبوو بیخەمەڕوو كە چڵەپووشێك لەم سروشتەدا بەها و گرنگی خۆی هەیە با بەڕێزەوە لێی بڕوانین".
زیاتر دەڵێت، كاركردن بەو مادانە زۆر هەستیارە چونكە ناسكن، بەڵام لەهەمان كاتدا چێژێكی زۆر تایبەتی هەیە چونكە بۆنیان خۆشە، شتگەلێكن كە تۆ رۆژانە دەیانبینی و گرنگییان پێ نادەی، بگرە پێشیان پێدا دەنێی.
كاری داهاتووی ئەو پەیكەرسازە شتێكی ناوازە دەبێت و وەك خۆی دەڵێت، "كارەكەم بەرجەستەكردنی دۆزەخ دەبێت و جۆرەكانی ئەشكەنجەدانی مرۆڤ لە ٢٥ كاردا نیشان دەدەم. دیسان بەمادەی سروشتی دروستی دەكەم، جیاواز لەوەی كە لە پڕۆژەی سەفەرنامەدا بەكارم هێناون"
سلێمانی/ لۆڤە محەمەد