بەهای لیرە تووشی داڕمانێكی مێژوویی بوو

:: AM:10:06:11/08/2018 ‌

نرخی لیرە لانی كەم لە چوار پێنج ساڵی رابردوودا بەرانبەر بە دۆلار بەردەوام لە دابەزیندا بووە، بەڵام ئەم دابەزینە بە هێمنی بووە و هەفتانە هەست بە پاشەكشەی لیرە كراوە، ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە دوێنێ هەینی لیرە دابەزینێكی مێژوویی تۆمار كرد و لە ماوەی چەند سەعاتێكدا سەرووی 18% لە بەهای لیرە دابەزی و ئەم گۆڕانكارییەش بازاڕە دارایییەكانی توركیای تووشی شڵەژان كرد.

بەگوێرەی چارتی investing شەوی پێنجشەم لەسەر هەینی هەر دۆلارێك بە 5.5 لیرە دەفرۆشرا، بەڵام دوێنێ تا 6.7 لیرە بەرز بووەوە و دواجار بە 6.4 لیرە نرخەكەی بەسترا. سەرەتای ئەم مانگە نرخی دۆلار خوارووی پێنج لیرە بوو و لە ماوەی 10 رۆژدا نزیكەی 30% لە بەهای لیرە دابەزیوە و دوێنێ هەینیش لە ماوەی 24 سەعاتدا لیرە 18% لە بەهای خۆی لە دەست دا.

هۆكاری سەرەكی خێرایی لە  دابەزینی نرخی لیرە بۆ تێكچوونی پێوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و توركیا دەگەڕێتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دەستی پێ كرد كە توركیا قەشەیەكی ئەمەریكی دەست بەسەر كرد و گوتی هەر كاتێك ئەمەریكا فەتحوڵا گولەنی رێبەری بزووتنەوەی خزمەتی رادەست كرد، ئەوا ئەوانیش قەشەكە ئازاد دەكەن. ئەمەریكا بەمە زۆر تووڕە بوو و یەكسەر دوو وەزیری توركیای سزا دا.

پێشتر بەهۆی سیاسەتی تاكڕۆیانەی ئەردۆغان نرخی لیرە بە هێمنی رووی لە دابەزین كردبوو و چاوەڕوان نەدەكرا بەم خێرایییە نرخی لیرە دابەزیت.

لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیاوە كە لە 24ی حوزەیران بەڕێوە چوو، نرخی لیرە بەرانبەر دۆلاری ئەمەریكی زیاتر رووی لە دابەزین كردووە.

لە بەرەبەری هەڵبژاردن تارادەیەك نرخی لیرە بەرانبەر دۆلار بەرز بووبووەوە و گەیشتبووە 450 لیرە بەرانبەر بە 100 دۆلار، بەڵام دوای مانگ و نیوێك لە هەڵبژاردن نرخی 100 دۆلار لە 450 لیرەوە بووەتە 640 لیرە.

لە هەڵبژاردنی ئەمجارە ئەردۆغان جگە لەوەی كە سەركەوتنی بەدست هێنا، لە هەمان كاتدا دەسەڵاتەكانیشی لە پۆستی سەرۆك كۆماریدا بەهۆی گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی بۆ سیستەمی سەرۆكایەتی زیادی كرد. ئەو لە یەكەم وتاریدا باسی لە گەشەپێدانی ئابووری توركیا كرد و گوتی وڵات بەرەوپێش دەبات.

لەجیاتی بەرزبوونەوەی نرخی لیرە، نرخی دراوی ئەو وڵاتە دابەزیوە و ئەمەش دەری دەخات بازرگانان و وەبەرهێنەران لە داهاتووی توركیا نیگەرانن و نازانن ئەردۆغان وڵات بەرەو چ ئاقارێك دەبات.

پێویستە بگوترێت خۆی نرخی لیرە لە ژێر كاریگەریی سیاسەتەكانی ئەردۆغان بەر لە هەڵبژاردنیش هەر لە دابەزیندا بووە.

نرخی 100 دۆلاری ئەمەریكی بەرانبەر بە لیرە لە سەرەتای ئەمساڵ بریتی بووە لە 375 لیرە. ئەو نرخە لە ساڵی 2017 بریتی بووە لە 280 لیرە، لە ساڵی 2015 بریتی بووە لە 266 لیرە و لە ساڵی 2014 نرخەكەی 200 لیرە بووە.

لە نزیكەی چوار ساڵی رابردووەوە تا ئێستە نرخی دۆلار بەرانبەر بە لیرە سێ هێندە گرانتر بووە. بەگوێرەی چارتی XE ، ساڵی 2011 نرخی 100 دۆلار بە 150 لیرە بوو و ئەو نرخە لە ساڵی 2008 بریتی بوو لە 119 لیرە. ئەمەش دەریدەخات لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو لیرە پاشەكشەیەكی زۆری كردووە. 





وشە - سلێمان تاشان