ئەمەریكا چەكی قورس و پێشكەوتوو دەگەیەنێتە عێراق

:: PM:01:49:11/08/2018 ‌
سەرچاوەیەكی تەناهی ئاشكرای كرد، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە ڕێی فڕۆكەوە دەستی بە هێنانی چەكی و قورس و پێشكەوتوو كردووە، بۆ بنكەی "عەین ئەسەد" لە پارێزگای ئەنبار.

سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە، كە هێزەكانی ئەمەریكا لە ڕێی فڕۆكە جەنگییەكانەوە، چەكی پێشكەوتوو و بەهێزیان گەیاندووەتە بنكەی "عەین ئەسەد"ی ئاسمانی لە ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار كە ژمارەیەكی زۆری سەربازانی ئەمەریكایش لەو بنكە سەربازییە نیشتەجێن.

ئاماژەی دا، تا ئێستە هۆكاری هاتنی ئەو چەكە پێشكەوتووانە لەلایەن ئەمەریكاوە بۆ ناوچەكە دیار نییە، نازانرێ بە چ ئامانجێك ئەمەریكا دەستی بەو هەنگاوە كردووە.

لە بەشێكی تری قسەكانی سەرچاوەكە ڕوونی كردەوە، دوای گەیشتنی چەكە پێشكەوتووەكان، سەربازانی ئەمەریكا لە نزیك بەنداوی "حەدیسە" چەكەكانیان تاقی كردووەتەوە و بەكاریان هێناوە، جیا لەوەیش فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا لەسەر بنكەی ئاسمانی "عەین ئەسەد" بە چڕی سووڕاونەتەوە، لەو كاتەی چەكەكان گەیشتوون و دواتریش كە هێزەكانی ئەمەریكا تاقییان كردوونەتەوە.

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەكان، نزیكەی 10 هەزار سەربازی لە عێراق هەیە، ئەركیان مەشقكردنە بە هێزەكانی عێراق و پاراستنی باڵوێزخانە و كونسوڵخانەكانی وڵاتەكە لە ناوچەكانی عێراق، بەشی زۆری هێزەكانی ئەمەریكا لە بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای ئەنبار كۆ بوونەتەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د