سزاكەی ئەمەریكا زیانی ملیۆنان دۆلار لە وەبەرهێنە عێراقییەكان دەدات

:: PM:03:22:11/08/2018 ‌
داڕمانی بەهای دراوی ئێرانی زیانێكی زۆر گەورەی لە بازرگان و وەبەرهێن و هاووڵاتییانی عێراقی داوە كە ملیۆنان دۆلاریان لە بانكەكانی ئێرانی داناوە. شارەزایەكی ئابووریش دەڵێ، سەرنجڕاكێشی سوودی بانكەكانی ئێرانی وایكرد عێراقییەكان خانووەكانیشیان بفرۆشن كە ئێستە سێ بەشی پارەكانیان زیان كردووە.

بەهۆی سزا ئابوورییەكانی ئەمەریكا بەسەر ئێران، بەهای تمەنی ئێرانی دووچاری گەورەترین داڕمان هاتووە لە مێژووی خۆیدا، ئەمەش زیانێكی زۆری لە بازرگان و وەبەرهێن و هاووڵاتییانی عێراقی داوە كە ماوەی چەند ساڵی رابردوو ملیۆنان دۆلاریان لە بانكەكانی ئێرانی دانا بەهۆی ئەو سوودە زۆرەی بانكەكانی ئێرانی بە هاووڵاتییانی عێراقییان داوە.

بەپێی راپۆرتێكی "حەیات" كە 10ی ئەیلوول/ سێپتێمبەری 2016 بڵاوی كردووەتەوە، باس لە خستنەڕووی ئەو سوودە زۆرەی بانكەكانی ئێران دەكات بۆ هاووڵاتییان و بازرگان و وەبەرهێنەرانی عێراقی، بەتایبەت لەو كاتەدا بە دیاریكراوی بانكەكانی عێراقی رووبەڕووی تەنگژەیەكی سەختی دارایی بوونەوە و نەیانتوانی سوودی ساڵانە بدەن بەو هاووڵاتییانەی پارەكانیان لە بانكەكان داناوە.

لە راپۆرتەكەدا باس لە گواستنەوەی پارەی عێراقییەكان دەكات بۆ بانكەكانی ئێران بە سوودی 15%ی ساڵانە، ئەمەش رێژەیەكی زۆر بەرزە، شارەزایان و پسپۆڕانی كەرتی بانكی عێراقی ئەوكات مەترسی خۆیان نەشاردەوە كە بەرزی سوودی بانكەكانی ئێرانی ببێتە هۆی رۆیشتنی پارەیەكی زۆر لە عێراق بۆ بانكەكانی ئێران.

ئەگەرچی حكوومەتی عێراق بڕیاری دامەزراندنی كۆمپانیای پاراستنی دانانی پارەی لە بانكەكانی عێراق بە سەرمایەی 100 ملیار دینار دا، بۆ پێدانی سوودی ساڵانەی ئەو هاووڵاتییانەی پارەكانیان لە بانكەكانی عێراق داناوە، بەڵام ئەو هەنگاوە نەیتوانی ببێتە رێگر لە چوونە دەرەوەی ملیۆنان دۆلاری عێراقی بۆ بانكەكانی ئێرانی.

ئیحسان شەمەری بەڕێوەبەری گشتی بانك و دڵنیایی لە بانكی ناوەندی عێراق ئاشكرای دەكات، 15%ی عێراقییەكان پارەكانیان لە بانك دادەنێن كە دەكاتە 820 ملیار دینار یان 656 ملیۆن دۆلار، ئەوەی تری كە 30 ترلیۆن دینارە كە دەكاتە زیاتر لە 25 ملیار دۆلار، پارەكانیان لە ماڵەوە هەڵدەگرن بەهۆی نەبوونی متمانە بە بانكە عێراقییەكان كە ژمارەیان 54 بانك دەبێت، حەوتیان حكوومەتین و 23یان بازرگانی تایبەت و نۆیان ئیسلامی، لەگەڵ 15 لقی بانكی بیانی.

هاوكات بەپێی راپۆرتێكی تری "وەن نیوز" باس لە بەرزبوونەوەی رێژەی سوودی سەر دانانی پارە لە بانكەكانی ئێران دەكات و بەیەكێك لە هۆكارەكانی دەزانێت، بەتایبەت دوای ئەوەی 15% بۆ 22% زیادی كرد، ئەمەش بە هۆكارێك دەزانێت لەوەی هاووڵاتییەكی زۆری عێراقی و بازرگانان و وەبەرهێنەران پارەكانیان بخەنە بانكەكانی ئێرانی.

عەبدولحەسەن شەمەری شارەزای ئابووری عێراقی ئاماژە بەوە دەكات كە توانی شێوازێك پێڕەو بكات بۆ راكێشانی پارەی بیانی بەتایبەت دۆلار لە عێراقەوە لە رێی زیادكردنی رێژەی سوود، بەمەش دەتوانێت تمەن لە داڕمانی زیاتر بپارێزێت لە سزا ئابوورییەكانی ئەمەریكا.

شەمەری روونی كردەوە، ئەوەی وایكردووە عێراقییەكان پارەكانیان لە بانكە ئێرانییەكان دابنێن، بوونی دڵنیایی 100% و قازانجی 100%، ئەمە جگە لە ئاسانكاری مەرجەكانی دانانی پارە لە بانك كە هاووڵاتییان دەتوانن سوودەكەی مانگانە یان شەش مانگ جارێك یانیش ساڵانە وەرگرن، بە پێچەوانەی بانكە عێراقییەكان كە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوو هەڵەی زۆر كوشندەیان ئەنجام دا دوای ئەوەی هاووڵاتییەكی زۆری عێراقی پارەكانیان لە بانكەكان دانابوو، بەڵام كاتێك سەردانی بانكەكەی دەكردەوە بۆ وەرگرتنەوەی یان وەرگرتنی سوودەكەی، پارە لە بانكەكان نەبوو، چونكە ئەو بانكانە پارەكانیان رەوانەی دەرەوەی عێراق دەكرد، جگە لەمەش لەكاتی وەرگرتنی پارەكانیان بە نرخی بانكی ناوەندی لەسەر هاووڵاتییان ئەژمار دەكرد و لە كاتی دانەوەش بە نرخی بازاڕ، لەمەشدا هاووڵاتییان زیانیان دەكرد، هەموو ئەمانەش وایكرد بانكە عێراقییەكان متمانەیان لای هاووڵاتییان نەمێنێت.

بەپێی توێژینەوەیەكی "رەوابت" بانكە ئێرانییەكان لە دوای ساڵی 2012 نووسینگەیان لە كەربەلا و نەجەف و بەغدا و بەسڕە كردووەتەوە، هاوكات دەسەڵاتی ئەوەشیان پێ دان كە ئەژماری بانكی بۆ هاووڵاتییان و بازرگان و وەبەرهێنەران بكەنەوە بۆ دانانی پارەكانیان لە بانكەكانیان بە جۆرێك سەرەتا دەبوو هاووڵاتییانی عێراقی دۆلارەكانیان بكەن بە تمەن و پاشان تمەنەكە بە هەژمارێكی تایبەتی خۆی دەخرایە ناو سیستەمەوە بێ ئەوەی سەردانی ئێران بكات.

بانكە ئێرانییەكان ماوەی چوار ساڵی رابردوو سوودیان 15% بۆ 22% بەرز كردەوە، بەمەش هەزاران هاووڵاتیی عێراقی خاوەن سەرمایەی كەم و مامناوەند بە تایبەت دانیشتووانی كەربەلا، لە ناویاندا وەبەرهێنەران و بازرگانان پارەكانیان بردن بۆ بانكەكانی ئێرانی.

عێراقییەكان بۆ دەستخستنی قازانجی زیاتر، دۆلاری زیاتریان بردە بانكەكانی ئێرانی لە عێراق، ئەمەش لە كاتی خۆیدا شارەزایانی ئابووری مەترسییەكەیان نەشاردەوە كە زیانێكی گەورە بە ئابووری عێراق دەدات.

محەمەد عەباس یەكێك لە وەبەرهێنەران كە پارەی لە بانكەكانی ئێرانی داناوە، ئاشكرای دەكات، رۆژانە 500 هەزار دۆلار دەبرایە بانكەكانی ئێرانی لە عێراق بەهۆی ئەو خستنەڕووەوە، هێمای بۆ ئەوەش كرد كە هەزاران عێراقی پارەكانیان لە بانكەكانی ئێرانی داناوە.

محەمەد عەباس ئەوەش ئاشكرا دەكات، ئەو سوودە زۆرەی دەخرێتە سەر سەرمایەكە، وا دەكات لە ماوەیەكی كەمدا پارەكەت زۆر زیاد بكات، تەنانەت بەشێك لە هاووڵاتییان ئەو سوودە زۆرەیان بۆ گەشتە بەردەوامەكانیان بۆ ئێران بەكار دەهێنا.

حەسەنێن عامری یەكێك لە فەرمانبەرانی بانكێكی ئێرانی لە بەغدا، ئەوە ئاشكرا دەكات كە بەشێك لە مەرجەعە شیعەكان فتوای ئەوەیان داوە كە لە رووی ئاینییەوە هیچ كێشەیەك نییە پارە لە بانكە ئێرانییەكان دابنرێت، چونكە ئێران وڵاتێكی ئیسلامییە و سوودەكەی دەخرێتە سەر پارەكەش حەڕام نییە. گوتی "ئەو فتوایە هاندەرێكی باش بوو لەوەی خەڵكێكی زۆر پارەكانیان لە بانكەكانی ئێرانی لە عێراق دابنێن".

شارەزایانی ئابووری و بانكی، باس لەوە دەكەن بەهۆی ئەو هەموو سەرمایە عێراقییەی لە بانكەكانی ئێرانی، یارمەتیدەرێكی باشی ئێران بووە لە راگرتنی بەهای تمەن، هاوكات مەزندە دەكرێت عێراقییەكان بەهۆی دابەزینی بەهای تمەن بۆ نزمترین ئاستی لە مێژوودا بەرانبەر بە دۆلار، ملیۆنان دۆلار زیانیان كردبێت.

سەلام سەمیسم شارەزای ئابووری دەڵێت ئەو بڕە پارەی عێراقییەكان لە بانكەكانی ئێرانی دایان ناوە، سێ بەشی بەهاكەی لە دەست داوە، ئەوەشی خستەڕوو لە چوار ساڵی رابردوودا خێزانی عێراقی هەبووە خانووەكەی فرۆشتووە و پارەكەی لە بانكێكی ئێرانی داناوە، گوتی "بانكەكانی ئێرانیش زیرەكانە مامەڵەیان كردووە، مەرجی ئەوەیان لەسەر عێراقییەكان داناوە كە ناتوانن داوای تەواوی پارەكانیان بكەنەوە تا ساڵێك بەسەر دانانی پارەكانیان تێپەڕ نەكات".



وشە - فه‌رمان سادق