ئیكاردی ئێستا لەنێو یانەی ریال مەدریدە

:: PM:05:51:11/08/2018 ‌

ماورۆ ئیكاردی هێرشبەری ئەرجەنتینی و یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی دووبارە هەوادارانی یانەكەی خستە باری دوودڵییەوە بەهۆی بڵاوكردنەوەی وێنەیەك لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: ئیكاردی لەگەڵ شاندی یانەی ئینتەر میلان ئێستا لە شاری مەدریدی پایەتەختی ئیسپانیایە و بڕیارە ئەمشەو بەرامبەر یانەی ریال مەدرید یاری بكات.

یارییەكە هەڤاڵینییە و لە چوارچێوەی یارییەكانی جامی سانتیاگۆیە كە بڕیارە هەر لە سەعات 10ی شەو بەكاتی كوردستان هەر لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەبچێت.

ئیكاردی وێنەیەكی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئینستگرام) بڵاوكردۆتەوە و تێیدا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ گیراوە و لە ژێریشییەوە نووسیویەتی (بەیانی باش).

ئەم پۆستەی ئیكاردی بووە جێگەی دڵەڕاوكێی هەوادارانی یانەی ئینتەر میلان بەهۆی ئەوەی یانەی ریال مەدرید ماوەیەكە بەدوای ئەوەوەیە كە ئەو هێرشبەرە ئەرجەنتینییە رازی بكات گرێبەستی لەگەڵ بكات.

فلۆرەنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید یەكێكە لە سەرسامانی ئیكاردی و دوای رۆیشتنی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالیش بۆ یانەی یۆڤێنتۆس، دووبارە دەستی بە هەوڵەكانی كردۆتەوە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئەم هێرشبەرە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م