لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی حكوومەتی شاری هەولێر، یەكەمین سەنتەری تایبەت بە منداڵی بلووری دەكرێتەوە و هاووڵاتییان دەتوانن سەردانی سەنتەرەكە بكەن بۆ چارەسەر.
ئەمڕۆ یەكشەم 12ـی ئاب، نەخۆشخانەی لە دایكبوونی منداڵان بڵاوی كردووەتەوە، مژدە بۆ هاووڵاتییانی شاری هەولێر سەنتەری "د. خاوەر" بۆ نەزۆكی و بلوورە منداڵ، هەڵدەستێت بەئەنجامدانی كارەكانی بەتیمێكی پزیشكانی پسپۆڕی لێهاتوو.
نەخۆشخانەكە ئاشكرای كردووە، سەنتەرەكە لە بواری نەزۆكی و بلوورە منداڵ بەباشترین ئامێری سەردەمییانە و تاقیگە پزیشكی لێهاتوو لە بواری كۆرپەڵەزانی كار دەكات كە سەنتەرێكی حكوومەتی دەبێت.
منداڵی بلووری جۆرێكە لە پیتاندنی یارمەتی دراو كە لە دەرەوەی لەشی دایكەكە ئەوكۆرپەڵەیە دروست دەكرێت، بەیەك گەیاندنی هێلكە و تۆوی هەردوو هاوسەرەكەیە لە دەرەوەی منداڵدانی دایكەكە كە بەتەكنیكی تایبەت ئەنجام دەدرێت، پاشان دەگەڕێنرێتەوە بۆ ناو ڕەحمی دایك.
لە دنیا و هەرێمی كوردستانیش بە گشتی جۆری (IVF) پێڕەو دەكرێت، كە ئێكسی ئێكسی پێ دەڵێن و ڕێژەی سەركەوتنی زۆر زیاترە لە جۆرەكانی تر، بەزۆری لەڕێی مایكرۆسكۆبەكەوە تۆوەكە دەخرێتە ناو هێلكەدان، ئەگەر تۆوێكیش لاواز بوو، دەبێت دیواری هێلكە ببڕێت و ببێتە كۆرپەڵە.