پارتی بە توندی وەلامی گۆڕان دەداتەوە

:: PM:09:23:12/10/2016 ‌

فڕاكسۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە توندی وەڵامی یوسف محمد و بزوتنەوەی گۆڕان دەداتەوەو دەڵێت ڕێگەنەدان بە هاتنەوەی سەرۆكی پەرلەمان لە ئەنجامی هەڵسوكەوتی نا بەر پرسانەی ئەو كاتەی سەرۆكی پەرلەمان بوو .

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:

جەماوەری خۆشەویستی كوردستان

ساڵێك بەر لە ئێستا لەپێناو پاراستنی ئاساییش و سەقامگیریی كوردستان و رێگەگرتن لە گواستنەوەی فەوزا و پشێوی، رێگە بە یوسف محەممەد نەدرا كە بێتە شاری هەولێر و دواتریش وەزیرەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر كار لادران.

ئەو رووداوە لە دەرئەنجامی رەفتار و هەڵسوكەوتی نابەرپرسیارانەی سەرۆكی ئەو كاتی پارلەمان بوو. لەبری ئەوەی پارلەمان شوێنی چارەسەركردنی گرفتە سیاسییەكان و یاسادانان و بەرگریكردن لە داواكارییەكانی خەڵك بێت، یوسف محەمەد و حزبەكەی پارلەمانیان كردە شوێنی تێكدانی تەوافوق و دروستكردنی كێشە و پیلانگێڕی لەدژی سەقامگیریی وڵات و بەلاڕێدابردنی پرۆسەی سیاسی و كاریان بۆ دووژمنكاریی سیاسی كرد.

لە هەمانكاتدا فراكسیۆنەكەمان لە هەوڵی بەردەوامدابوو كە یەكڕیزیی نیشتمانی بپارێزرێت و ئەو تەوافوقە تێكنەدرێت كە حكومەت و پارلەمانی لەسەر دامەزرابوو.

تێكدانی تەوافوق و پیلانگێڕی لەدژی یەكڕیزیی نیشتمانی لەكاتێكدابوو كە كوردستان بە درێژایی 1050 كیلۆمەتر لەگەڵ دڕندەترین رێكخراوی تیرۆریستی لە شەڕی مان و نەماندابوو.

بەڵام ئەوان بێ ئەوەی قوربانیدانی پێشمەرگە و بارودۆخی هەستیاری كوردستان لەبەرچاو بگرن پەلاماری بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستانیان دا و هاووڵاتیی بێتاوانیان شەهید كرد، بۆیە دەبێ باجی تاوانەكانیان بدەن.

یوسف محەممەد و حزبەكەی دەیانەویست فەوزا و سووتاندن و كوشتنی خەڵك بگوازنەوە بۆ هەولێر بۆیە رێگەی لێگیرا و پیلانەكانیان سەری نەگرت.

ئێستا كە ساڵێك بەسەر ئەو رووداوە تێپەڕیوە ئەوانەی فرمێسكی تیمساح بۆ پارلەمان دەڕێژن با گلەیی لە خۆیان و جۆری بیركردنەوەی سیاسیی خۆیان و كۆدەتاكەیان بكەن كە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستانیان بەم رۆژە گەیاند و چیتر بە بیانووی جۆراوجۆر و قسەی بێبنەما پاساو بۆ هەڵە سیاسییەكانیان نەهێننەوە.

دەبێ یوسف محەمەد و فراكسیۆنی گۆڕان دان بەوەدا بنێن كە سەرەڕۆیانە پیرۆزیی پارلەمانیان پێشێل كرد و یوسف محەمەددیش نەیتوانی ببێتە سەرۆكێكی بێلایەنی پارلەمان بەڵكو بووە سەرچاوەی ئاشوب و فیتنەگێڕی.

ئەو كە بە تەوافوق و بە دەنگی فراكسیۆنەكەمان بووە سەرۆكی پارلەمان، لەجیاتی ئەوەی نوێنەرایەتیی هەموو لایەنەكان بكات بووە ئامرازێك بۆ جێبەجێكردنی مەرام و پیلانێكی مەترسیدار.

ڕێگەچارەی كاراكردنەوەی پارلەمانیش ئەوەیە كە سەرۆكایەتییەكی تازە بۆ پەرلەمان هەڵبژێردرێت و پارلەمان ببێتە پارلەمانی كوردستان و مەرجەعی چارەسەركردنی كێشەكان.

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان

لە پارلەمانی كوردستان

12ـی 10ـی 2016

وشە / ڕامیار جواد



وشە - رامیار جەواد