بەرپرسی میحوەری پێشمەرگە لە كەركووك گۆڕدرا

:: PM:12:06:13/08/2018 ‌
بەرپرسی میحوەری هێزی پێشمەرگە لە كەركووك، دەستی لە كار كێشایەوە و نووری حەمەعەلی خرایە شوێنەكەی.

ئەمڕۆ دووشەم 13ـی ئاب، كەمال كەركووكی بەرپرسی میحوەری خۆرئاوای كەركووك لەدوای ڕادەستكردنی پۆستەكەی بە نووری حەمەعەلی گوتی، ئەو ئاڵوگۆڕە لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕەكانی پارتییە و من لە هەركوێ‌ بم پێشمەرگەی كوردستانم.

كەركووكی ئاماژەی دا، تا ئێستە بەفەرمی هیچ پۆستێكی نوێم وەرنەگرتووە، بەڵام ڕەنگە وەك بەرپرسی ئەنجوومەنی كەركووكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستبەكار بم و من پۆستم لا گرنگ نییە، گرنگ خزمەتە لە هەر كوێیەك بم.

گۆڕینی كەمال كەركووكی لە پۆستی میحوەری كەركووكی پێشمەرگە، لە كاتێكدایە لەسەرەتای شەڕی تیرۆریستانی داعش بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای كەركووك بوو، دواتر لە پاش خیانەتی گرووپێكی هەرزە و كاڵفامی ناو یەكێتی بووە بەرپرسی میحوەری كەركووك و لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بەشداری كرد.

نووری حەمەعەلی ئەندامی سەركرایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و ماوەی چەند ساڵێكیش لە دژی داعش لە ڕیزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بووە.

دوای خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو باڵێكی سەربازی یەكێتی، پێشمەرگەی كوردستان لە سنووری پردێ‌ ڕێی لە هاتنە پێشەوەی هێزی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی گرت.



وشە - رامیار جەواد