لیژنەی فتوا كاركردن لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە بە دروست نازانێت

:: PM:04:54:13/08/2018 ‌
لیژنەی باڵای فتوا لە هەرێمی كوردستان لەبارەی كاركردن لەگەڵ كۆمپانیایەك ڕوونكردنەوە دەدات و ڕای گەیاند، مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمپانیاكانی " كیونیت Qnet" دروست نییە و پێویستە هاووڵاتییان لێی دوور بكەنەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 13ی ئاب/ ئۆگستس، لیژنەی فتوای هەرێمی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە پێشتر كاركردنمان لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە روون كردبووەوە و فتوایەكەیش لە دەرەوەی كوردستانیش كاری پێ كرا، بەڵام ئێستە دوای بەدواداچوونی ورد دەركەوت كاركردن لەگەڵ كۆمپانیای "كیونیت" گونجاو نییە و بەدروستی نازانین.

لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە، بەهۆی وەرگرتنی زێڕ و وەرگرتنی رسوومات لە مامەڵەكان، پێچەوانەی هەندێك ڕێنوێنی شەرعی دەردەكەوێت كە ئەو كارەی كۆمپانیاكە ئامانجی تری لە پشتەوەیە.

لیژنەی باڵای فتوا ڕوونی كردووەتەوە كە فتواكانی پێشوو كە ڕێ بەكاركردن لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە دەدات هەڵدەپەسێرین و لە دوای ئەم روونكردنەوەیشەوە بە هیچ شێوەیەك مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمپانیاكە بە دروست نازانین، داوایش دەكەین كۆمپانیاكە فتوای پێشوو بەكار نەهێنێت بۆ ڕاكێشانی هاوبەش.

كۆمپانیای كیونێت ماوەیەكە لە هەولێر و سلێمانی دەستی بەكاركردن كردووە و كاری كۆمپانیاكە ڕاكێشانی هاوبەشە بە بڕێك پارە، ئەو كەسەیشی دەبێتە هاوبەش لە سەریەتی دوو كەسی تر بكات بە هاوبەشی خۆی و دواتر مووچەی پێ دەدرێ بەبێ‌ ئەوەی هیچ ئەركێك بخرێتە سەر كەسەكە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم