لە سلێمانی 20 تۆمەتبار گیران

:: PM:07:52:13/08/2018 ‌
بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕای گەیاند، لە ماوەی یەك هەفتەدا 20 تۆمەتبار بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە شارەكەدا گیراون.

ئەمڕۆ دووشەم 13ی ئاب/ ئۆگەستس، بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیانراوێكدا ڕای گەیاند، لە هەڵمەتی گرتنی ئەو كەسانەی كە فەرمانی دادگایان بۆ گرتن هەیە لەماوەی كەمتر لە هەفتەیەك، بەشی پۆلیسی ناوشار _ ڕۆژهەڵات  و  بنكەی پۆلیسی سەیوان، 20 تۆمەتباریان گرتووە.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ڕوونكراوەتەوە كە تۆمەتباران بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەكانی (456، 408،421،396) لە یاسای سزادانی عێراقی بەندن.

وەك لە ڕاگەیەنراوەكەی پۆلیسی سلێمانی هێمای بۆ كراوە، دوو لەو تۆمەتبارانە لەسەر خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پێوەندی گیراون.

ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر "وشە" بڵاوی كردبووەوە بە دەیان تۆمەتباری كوشتن و دزی لە شاری سلێمانی بە ئازادی دەسووڕێنەوە و دەزگا تەناهییەكان نایانگرن لە كاتێكدا بڕیاری گرتنیان لەلایەن دادگاوە بۆ دەرچووە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم