بزووتنەوەی ئیسلامی ڕەخنە لە " كولتوور و خۆشەویستی" دەگرێت

:: PM:08:21:13/08/2018 ‌
دانانی پەیكەری كولتوور و خۆشەویستی لە سلێمانی ناڕەزایی دروستكردووە و ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی دەڵێت، ئەو پەیكەرە هیچ خزمەت ناكات.

ئەمڕۆ دووشەم 13ی ئاب/ئۆگستس، كامیل مەحموود ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هەر شتێك كە نامۆ بێت بە كولتووری كوردەواری بەتایبەت لەڕووی ئەخلاقیەوە لەگەڵ ئێمە ناگونجێ، بەڵام هەندێك كار دەكرێت مەرامی سیاسیی لەپشتەوەیە.

زیاتر گوتی، ئەو جۆرە كارانە بۆ سەرقاڵكردنی گەنجانە تا بیر لە شتە بنەڕەتییەكانی ژیان نەكەنەوە و ئەوەیش وایكردووە سیاسەت و كۆمەڵگە بەشێوەیەكی ناتەندروست تێكەڵبن.

بەرپرسەكەی بزووتنەوەی ئیسلامی گوتی، ئەو پەیكەرەی كە لە سلێمانی دانراوە ئەگەر كەسێك بە وردی سەیری بكات وا هەست دەكەی لە یەكێك لە وڵاتە ئەوروپییەكان دەژی، هەندێك لە هونەرمەندەكان لە كۆتای ژیانی خەڵكەوە دەست پێدەكەن، وەك ئەوەی هیچ شتێكی گەنج كەموكورتی نەبێت.

"شارێك كە پێی دەگوترێت شاری مەولانا و كاك ئەحمەدی شێخ و شاری شێخ مەحموودی حەفید، ئەو كەسایەتیانە شایەنی ئەوە نییە پەیكەری كوڕ و كچێكی لەو شێوەیەی تێدا دابنرێت" كامیل مەحموود وای گوت.

هاوكات زیرەك میرە هونەرمەند و خاوەنی بیرۆكەی پەیكەری كولتوور و خۆشەویستی بە " وشە "ی ڕاگەیاند، پڕۆژەیەكی هونەری و كولتوور و شێوەكاریم ئەنجامداوە و هەموو ڕەخنەی هاووڵاتییان و چینە توێژەكەن ڕێزیان لێ دەگرم.
زیاتر گوتی، ئەو پەیكەرە باس لەوە دەكات كە چەقۆ دەووری لەتبوون و توندوتیژی دەبینێ، ئێمە خۆشەویستیمان لەسەر و چەقۆ داناوە، بۆ ئەوەیە جارێكی تر لەگەڵ خۆشەویستی ئاشت ببینەوە.

جێی ئاماژەیە ئەو پەیكەرە لەچەند ڕۆژی ڕابردوو لە خوار پردی دەباشان و لە باخچەی مەلیك مەحموود لە شاری سلێمانی دانرا.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی





وشە - سه‌رخێڵ هاشم