نوێترین كتێب لەسەر نهێنییەكانی كۆشكی سپی و دۆناڵد ترەمپ

:: PM:08:37:13/08/2018 ‌
دوای ئەوەی تۆمەتبار كرا لەلایەن گەورە راوێژكاران و دواتریش لە كۆشكی سپی دەركرا، ئەو بەڵگە دەنگیانەی ئۆماروسا مانیگولت نیومانی لە سزادان و ئابڕووچوون رزگار كرد، وەك كتێب بڵاوی دەكاتەوە.

بڕیارەی سبەی سێشەم 14ی ئاب، كتێبی "گەمژە" لە نووسینی ئۆماروسا مانیگولت نیومان بڵاو بكرێتەوە كە تێیدا ئاماژە بە چەندان بەڵگەی دەنگی و نهێنی "ژووری تەنگژەكان" دەكات.

خانمە نووسەری كتێبەكە خۆی فەرمانبەر بووە لە تیمی كۆشكی سپی، دوای ئەوەی لەگەڵ "جۆن كیڵی" گەورە فەرمانبەری كۆشكی سپی دەبێتە شەڕیان، دەردەكرێت.

بڵاو بوونەوەی كتێبەكە كە باس لە نهێنییەكانی ژووری تەنگژە دەكات كە زۆر نهێنییە، بووەتە هۆی توڕە بوونی گەورە راوێژكارانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكی و كەسایەتییە نزیكەكانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا دوای ئاشكرا بوونی بەڵگە دەنگییەكانی ناو كۆشكی سپی لە ماوەی كاركردنی لەوێ.

لە بارەی بڵاو بوونەوەی كتێبەكە، مانیگولت نیومان لە بەرنامەی "دیداری رۆژنامەوانی" لە كەناڵی "ئێن بی سی" ئەمەریكی دەڵێ، لە كاتی كاركردنیدا لە كۆشكی سپی زۆرینەی گفتوگۆكانی لەگەڵ گەورە فەرمانبەرانی كۆشكی سپی تۆمار كردووە بە مەبەستی پارێزگاری كردن لە خۆی.

نیومان هەر لە بەرنامەكەدا بەڵگەیەكی دەنگی دەمەتەقێی لەگەڵ كیڵی بڵاو كردەوە، شارەزایان ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكیش ئەوەیان بە لادانێكی گەورە لە ئاسایشی نیشتمانی و پیشەیی بوونی كاركردن ناوبرد.

بەپێی راپۆرتێكی "عەرەبی جەدید" لەسەر رووداوەكە، كیڵی لە تۆمارە دەنگیەكە دەڵێ، دەمەوێت لە بارەی چوونە دەرەوەت لە كۆشكی سپی قسە بكەین و بە نیومان دەڵێ لە ماوەی چەند مانگی رابردوو چەند پرسێك هەبوون پێوەند بە دەستپاكی تۆ، وەك بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی حكوومەت و چەند پرسێكی تری پێوەند بە پارە. كیڵی هەڕەشەی ئەوەی لە نیومان كردووە كە ئەوەی كردوویەتی پێچەوانەی یاسایە و تاوانباریش دەدرێتە دادگای سەربازی بەگوێرەی سیستەمی سوپای ئەمەریكی.

كیڵی ئەوەش بە نیومان دەڵێ، كە دەیەوێت بە خۆشەویستی و بێ كێشە لە كۆشكی سپی دووری بخاتەوە، دەتوانی سەیری ساڵێكی خزمەتت بكەیت لە كۆشكی سپی، لێرەوە دەتوانی بێ نانەوەی هیچ كێشەیەك لە داهاتوودا پێوەند بە رووشانی كەسایەتت هەبێت كۆشكی سپی جێ بهێڵیت.

بەگوێرەی تۆمارە دەنگییەكە، كیڵی بە نیومان دەڵێ، كە هەندێك پرسی یاسایی زۆر رژد هەیە پێشێلت كردوون كە تۆ رووبەڕووی رێوشوێنی یاسایی دەكات، دەتوانین ئەوانە پشتگوێ بخەین بەرانبەر چوونە دەرەوەت لە كۆشكی سپی بە بێ دەنگی و بە بێ كێشە.

بەرانبەر بەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی، ئۆماروسا نیومان دەڵێ، كیڵی هەڕەشەیەكی نەرمی لێ كردووە، ئەمەش وایكردووە گفتوگۆكانی لەگەڵ كیڵی تۆمار بكات، تەنانەت پاڵی پێوە ناوە تەواوی گفتوگۆكانی تری لەناو كۆشكی سپی تۆمار بكات، دەڵێ ئەگەر ئەو تۆمارە دەنگیانە نەبووایە ئەوا ئێستە كەس لە ئەمەریكا باوەڕی پێ نەدەكرد كە ئەو هیچ تاوانێكی نییە.

دوای بەرنامە تەلەفزیۆنەكە، كۆشكی سپی هێرشێكی توندی كردە سەر نیومان و ئاماژە بەوە دەكات كە هێنانە ژوورەوەی دەنگ تۆماركەر بۆ ناو ژووری تەنگژەكان پێشێلكردنێكی گەورەی ئاسایشی نەتەوەییە، بڵاوكردنەوەشی لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن جەخت لە نەبوونی دەستپاكی نیومان دەكاتەوە لە ماوەی كاركردنی لە كۆشكی سپی.

جێی باسە كتێیەكەی "گەمژە"ی نیومان، كە بڕیارە سبەی سێشەم بڵاو بكرێتەوە، وێنەیەكی زۆر ناشرین دەخاتە پاڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، كاتێك بە نیومانی رەش پێست یان ئەسمەر دەڵێ "نیگرۆ" كە وشەیەكی رەگەزپەرستییە لە ئەمەریكا دژ بە رەش پێستەكان بەكار دەهێنرێت.

بەڵام كۆشكی سپی كتێبەكەی نیومان بە كتێبێكی پڕ لە "درۆ" ناو دەبات و بەرگری سەرسەختانەش لە ترەمپ دەكات، هەر پێوەند بەو باسەش ئەمڕۆ دووشەم 13ی ئاب، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە تویتێكدا لەبارەی بڵاو بوونەوەی كتێبەكە دەڵێ، ئۆماروسای دەبەنگ كە سێجار لە بەرنامەی راهێنان دەركراوە، لەمەشدا سەركەوتوو نابێت، بێگومان هیچ كات سەركەوتوو نابێت. ئەو زۆر لێم پاڕایەوە تا دەستی بگات بە كارێك لە كۆشكی سپی، بۆ ئەمەش گریا تا ئەو كاتەی كارم پێدا.

ترەمپ لە تویتەكەیدا باس لە دۆخی ناو كۆشكی سپی دەكات و هێما بۆ ئەوە دەكات كە هەمووان لە كۆشكی سپی رقیان لێی دەبووەوە، چونكە كەسێكی شەڕانگێز بوو، هیچ زیرەك و لێهاتوو نەبوو، هیچ كات لە كۆشكی سپی نەمدیوە تەنیا چەند دارێك نەبێت.

سەرۆكی ئەمەریكا تۆمەتی خراپی رەوشتیش دەخاتە پاڵ نیومان و دەڵێ جەنەڕاڵ كیڵی پێی گوتم كە نیومان كەسێكی شكستخواردووە، زووش هەڵدەچێ، لەگەڵ ئەمەشدا پێی گوتم كە لە كارەكەی دووری نەخەمەوە چونكە ئەگەر دوور بخرێتەوە ئەوا زۆر درۆت پێدا هەڵدەواسێت، بەڵام من دوورم خستەوە.

بەپێی راپۆرتێكی تری "جەزیرە" نیومان لە بەرنامە تەلەفزیۆنیەكەیدا ئاماژەی بەوە داوە هەرچی لە كۆشكی سپی هەن بە كیڵی و ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكاش، درۆزنن و درۆ دەكەن.

نیومان لەگەڵ دەستبەكار بوونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، وەك فەرمانبەر لە كۆشكی سپی لە نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەكان دەوامی كردووە، بەڵام لە كانونی دووەم/ ینایری رابردوو دوو خرایەوە، دوای ئەوەی كێشە و دەمەقاڵێی لەگەڵ جەنەڕاڵ كیڵی بۆ دروست بوو.

ژووری تەنگژەكان كە دەكەوێتە نهۆمی ژێر زەمینی كۆشكی سپی لە نووسینگەی سەرۆكایەتی ئەمەریكا، ژوورێكی تایبەتە بە باسكردنی تەنگژەكان و لە رووی تەناهییەوە توند پارێزراوە و كەس بۆی نییە مۆبایل یان هەر ئامارێكی دەنگ تۆمار كردن بباتە ژوورەوە.    

ئەوەی جێی سەرسوڕمانە نازانرێت نیومان چۆن توانیویەتی ئامێری دەنگ تۆمار كردن لەگەڵ خۆیدا بباتە ژوورەوە، هەروەك لە دیدارەكەی لەگەڵ كەناڵی ئێن بی سی باسی كرد و دەنگی كیڵی بڵاو كردەوە.

ئەو پاساوی ئەوە بۆ خۆی دەهێنێتەوە كە پارێزگاری لە خۆی كردووە، چونكە لە كۆشكی سپی هەمووان درۆ دەكەن، سەرۆك "درۆ لەگەڵ خەڵك دەكات، سارە ساندرز گوتەبێژی كۆشكی سپی رۆژانە دێتە بەردەم میدیاكان، درۆ لەگەڵ خەڵك دەكات، بۆیە لە وەها ژینگەیەك دەبێت بەرگری لە خۆت بكەیت، ئەگەر ئەوەم نەكردبایە ئەوا 17 چەقۆیان لە پشتەوە لێم دەدا".    

زیاتر گوتی "ئێستەش بەردەوامن لەسەر درۆ كردن لەگەڵ خەڵك لە بارەی توانا جەستەیی و عەقڵی سەرۆك، ئاستەمە بتوانی مامەڵە لەگەڵ وەها زانیارییەكی ئاڵۆز بكەیت، تەنانەت لە زۆرێك لەو بڕیارە گرنگانەی پێوەندار بووە بە وڵاتەكەمان سەرۆك بەشدار نەبووە".


وشە - فه‌رمان سادق