هەرێمی كوردستان هاوردەكردنی ماڵاتی ڕاگرت

:: PM:09:04:13/08/2018 ‌
بەهۆی بڵاوبوونەوەی جۆرە نەخۆشییەك هاوردەكردنی رەشەوڵاخ لە دوو وڵاتەوە بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان ڕاگیراوە و وەزارەتی كشتوكاڵیش دەڵێت، تا ئەو نەخۆشییە بنبڕ نەكرێت هاوردەكردن دەست پێ ناكاتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 13ی ئاب/ ئۆگەستس، ئازاد ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە لایەن ڕێكخراوێكی جیهانی تایبەت بە تەندروستی ئاژەڵان ئاگادار كراینەوە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەك لە ناو ڕەشەوڵاخی دوو وڵات، بۆیە دەست بەجێ هاوردەكردنی رەشەوڵاخم لەو دوو وڵاتەوە بۆ ناوخۆی كوردستان ڕاگیرا.

بەرپرسەكەی كشتوكاڵ ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ڕاگرتنی هاوردەكردنەكە بۆ ماوەی مانگێكە دوای ئەو ماوەیە چاوەڕێی ئەو ڕێكخراوە دەكەین كە ئایا دەست بە هاوردەكردنیان بكەینەوە یان نا.

لای خۆیەوە د.مقداد ئیبراهیم بەڕێوەبەری تەندروستی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە وڵاتی ڕۆمانیا رەشەوڵاخەكانیان تووشی كێشەی هەناسەدان بوون و لە وەرزی گەرمادا بەرگەی گەرمی ناگرن.

ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە هەرچی پێوەندی بە وڵاتی ئێرانەوە هەیە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێن بەربوون ماڵاتیان تووشی تەندروستی خراپ بوون.

ئەوە لەكاتێكدایە كە هەرێمی كوردستان تا ئێستە مەڕ و ماڵات لە دەرەوە هاوردە دەكات و چەندان جاریش نەخۆشی ئاژەڵی لە كوردستان بڵاو بووەتەوە.

 سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم