شەكیرا نامەیەكی خەمباری بۆ پیكێ دەنێرێ

:: AM:10:46:14/08/2018 ‌

شاكیرای خانمە گۆرانیبێژی ناوداری كۆڵۆمبی نامەیەكی خەمباری بۆ هاوسەرەكەی گیرارد پیكێ بەرگریكاری یانەی بەرشەلۆنە نووسیوە بە بۆنەی وازهێنانی لە یاریكردنی ناودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا.

شاكیرا /41 ساڵ/ لە نامەكەدا بۆ پیكێ دەڵێت "كۆتاییت بەم قۆناغە مەزنە هێنا كە هەمیشە لە دڵی هەموومان دەمێنێتەوە، زۆر دڵخۆش بووم كاتێك بۆ یەكەمجار بینیم جامی جیهانی 2010ت بەرز كردەوە، ئەمە خۆشترین كاتەكانی ژیانم بوو".

ئەمە لە كاتێكدایە كە پیكێ لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی جامی سوپەری ئیسپانیادا بەرامبەر یانەی سڤیلییە جەختی كردبووەوە كە وازی لە یاریكردنی ناودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا هێناوە.

پیكێ رایگەیاندبوو: بڕیاری وازهێنانی یەكجاریم لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا دوای لێكۆڵینەوەیەكی زۆر داوە، لەگەڵ ئەم هەڵبژاردەیە جامی ئەوروپا و جامی جیهانیم بەدەستهێناوە و ئێستاش كاتی ئەوەی خۆم بۆ یانەی بەرشەلۆنە یەكلایی بكەمەوە.

پیكێ لە ماوەی ژیانی وەرزشیدا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەشداریی لە 103 یاری كردبوو و 5 گۆڵیشی تۆمار كردبوو، لەگەڵ ئەو هەڵبژاردەیەش 3 ناسناوی گەورەی بەدەستهێنابوو كە ئەوانیش برێتی بوون لە 2 جامی ئەوروپا لە ساڵانی 2008 و 2012 لەگەڵ جامی جیهانی 2010ی ئەفریقای باشوور.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م