ناكۆكییەكان هیوای پێكهێنانی حكوومەت لاواز دەكەن

:: AM:11:05:14/08/2018 ‌
ئەگەرچی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن راگەیەنرا، بەڵام بەهۆی ناكۆكی قووڵی نێوان لایەنە سیاسییەكان و ململانێی نێوان ئەجێندای ئەمەریكی و ئێرانی، پێ ناچێت بەمنزیكانە حكوومەتی عێراق پێك بهێنرێت. سەركردە سیاسییەكانیش نایشارنەوە

دواجار هەفتەی رابردوو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی راگەیاند، بەڵام هێشتا ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكان لەناو هەر پێكهاتەیەك و لە نێوان پێكهاتەكاندا رێگری سەرەكین لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، وەك روونە ناوماڵی شیعە و ناوماڵی سوننە هیچ ئاماژەیەكی كۆكبوونیان لێ ناخوێنرێتەوە، تەنیا لایەنی كوردی نەبێت كە دوو هێزە سەرەكییەكە كە پارتی و یەكێتییە جۆرێك لە رێككەوتنیان لە نێوان خۆیاندا هەیە بۆ چۆنیەتیی بەشداریكردن لە حكوومەتی داهاتوو.

ناكۆكییەكانی ئەمجارەی ناوماڵی شیعە بە جۆرێك قووڵ و ئاڵۆزە لە 2003وە تا ئێستە وەهای بەخۆیەوە نەدیوە، بە تایبەت دوای راگەیاندنی 40 مەرج لەلایەن موقتەدا سەدر سەركردەی هاوپەیمانی سائیروون كە براوەی هەڵبژاردنە، پێداگیری لەسەر پێكهێنانی حكوومەتێكی نیشتمانی دەكات لەسەر بنەمای جێگیر نەك بنەمای پشك پشكێنە، هاوكات داواش دەكات ئەو حزبانەی بەشداری لە حكوومەت دەكەن دەبێت ویستیان بۆ عێراق بێت نەك وڵاتانی هەرێمایەتی، وەك ئاماژەیەك بۆ رێگریكردن لەو حزبانەی سەر بە ئێرانن لە نزیككەوتنەوەیان لە ناوەندی بڕیار.

یەكێكی تر لە مەرجەكانی سەدر ئەوەیە نابێت هیچ حزبێك باڵی سەربازی هەبێت، پێوەند بە سەرۆك وەزیرانیش دەڵێ، دەبێت كەسێكی بێلایەن بێت و لە دەرەوەی ئەندامانی پەرلەمان بێت و دوو رەگەزنامەی نەبێت و خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووش كاندید نەكات.

لیستەكانی تر پێیان وایە مەرجەكانی سەدر یەكێكن لە بەربەستەكانی پەكخستنی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، ئەمە لە كاتێكدایە هاوپەیمانی فەتح هێشتا پێداگیرە لە كاندیدكردنی هادی عامری بۆ سەرۆك وەزیران، هاوكات هاوپەیمانی نەسڕیش كە عەبادی سەركردایەتی دەكات و كاندیدە بۆ سەرۆك وەزیران، دەڵێن پێویستە هەموو لایەك رەزامەندی نیشان بدەن بۆ خولی دووەمی عەبادی پێش ئەوەی هەر هاوپەیمانیەتییەكی نوێ رابگەیەنرێت، هەموو ئەمانە بەیەكەوە بوونەتە بەربەست لە بەردەم پێكهێنانی لیستی گەورەی پەرلەمانی.

چاوەڕوان دەكرێت دوای جەژن دادگای عێراق رەزامەندی لەسەر ناوی پەرلەمانتارانی خولی نوێ بدات، بەمەش دەبێت سەرۆك كۆمار داوای كۆبوونەوەی پەرلەمانی بكات، ئەگەر هیچ تانەیەك لە ئەنجامی هەڵبژاردن نەدرێت.

چاودێران پێیان وایە دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان دەكەوێتە تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، هاوكات پێكهێنانی حكوومەتی نوێش دەكەوێتە تشرینی دووەم، بەڵام ئەوەی روو دەدات پێچەوانەی یاسا و دەستوورە كە دەبێت حكوومەت زوو پێك بهێنرێت.

ئەشواق جاف پەرلەمانتاری پارتی لە خولی پێشتر دەڵێ، جگە لە ناكۆكی قووڵی نێوان لیستەكان، ئەوا وڵاتانی تریش كاریگەرییان هەیە بەسەر بڕیاری سیاسی و دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەت، ئەگەر ئەوان گرەنتی پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان كرد، ئەوا پێكهێنانی حكوومەت سانا و خێرا دەبێت، بە پێچەوانەوەش هەر راستە.

ئەشواق دووپاتی لەوە كردەوە كە عێراق دەمێكە بووەتە گۆڕەپانی لێك دەركردنی بەرژەوەندی و ململانێی وڵاتانی هەرێمایەتی و چ لە رووی سیاسییەوە بێت یان سەربازی.

زیاتر گوتی "لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا حكوومەتی نوێ جیاواز دەبێت لە حكوومەتەكانی پێش خۆی، چونكە حكوومەتەكانی پێشتر بە كۆمەڵێك بەڵێن پێك دەهێنرا، بەڵام ئێستە هاووڵاتییان دەزانن حكوومەت ناتوانێ خزمەتگوزارییان بۆ دابین بكات، ئەوان متمانەیان بە پەرلەمان و حكوومەت نییە بەهۆی ئەو سیاسەتەی ماوەی ساڵانێكە پێڕەوی لێ دەكرێت، بەمەش هاووڵاتییان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی حكوومەت ناتوانێت چاكسازی بكات".

هاوكات محەمەد لكاش پەرلەمانتاری رەوتی حیكمە كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە، دەڵێ حكوومەتی ئەمساڵ راناگەیەنرێت، بەڵكو دەكەوێتە سەرەتای ساڵی داهاتوو، چونكە حزبەكانی هەر سێ پێكهاتەكە دەیانەوێت بەشداری لە حكوومەت بكەن، هیچ هێزێك نییە ویستی ئۆپۆزسیۆنی هەبێت، ئەمەش یەكێكە لە كێشەكان و گەڕانەوەی سیستەمی پشك پشكێنە و دابەشكردنی پۆستە باڵاكان، تەنانەت وای لێ هاتووە ئەو حزبانەی یەك كورسیشیان هەیە چاویان لێیە پشكیان لە حكوومەت هەبێت، هەموو ئەوانە دەبێتە هۆی دواخستنی حكوومەت.

سەعد مەتڵەبی سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و كەسی نزیكی نووری مالیكی، ئاشكرای دەكات تا ئێستە هچ حزبێكی عێراق لێك تێگەیشتنی لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی نوێ یان لیستی گەورەی پەرلەمانی لەگەڵ یەكتردا واژوو نەكردووە، ئێستە هەموویان چاوەڕێی پەسندكردنی ئەنجامەكان دەكەن.

مەتڵەبی ئاماژەی بەوە دا كە دەوڵەتی یاسا سوپڕایزی بۆ هەمووان دەبێت، چونكە ئەگەری زۆرە هەموو رێككەوتنەكان لە یەك چركەدا بگۆڕێن، ئەوەش راست نییە كە رێككەوتن لە نێوان هادی عامری و موقتەدا سەدر هەبێت، بەڵكو ئەوەی هەیە لە پێناو شەڕ نەكردن بوو لەگەڵ یەكتر نەك رێككەوتن.

ئاماژەی بەوەش دا لە هەموو ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ لیستە سیاسییەكانی تر كردوویانە، قسەیان لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی زۆرینەی سیاسی كردووە، باسی سەرۆك وەزیران و دابەشكردنی پۆسەكانیش نەكراوە، بەڵكو قسە لەسەر ئەوە كراوە حكوومەتی داهاتوو حكوومەتی خزمەتگوزاری بێت.

ئەوەشی گوت، "رەوتی سەدر پێ دەچێت ببێتە ئۆپۆزسیۆن، چونكە ئێران هۆشداری داوەتێ لەوەی زیان بە بەرژەوەندییەكانی بگەیەنێت، جگە لەمە خۆیشی باوەڕی بەوە هاتووە ئێران كە گەمارۆی لەسەرە و باشترە ئەو لێرە ببێتە ئۆپۆزسیۆن بۆ پارێزگاریكردن لە عێراق، ئەمەش زیاتر بەربەستی بۆ حزبە شیعەكانی تر دروست كردووە چونكە رەوتی سەدر كەم نییە".

لای خۆیەوە عزەت شابەندەر پێی وایە سەرۆك وەزیرانی داهاتوو لەنێوان چەند كەسایەتییەكدایە كە هەر هەموویان سەر بە ئێرانن، لەوانە فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حشدی شەعبی كە نیمچە رەزامەندییەكی ئەمەریكا و سعوودیەشی لەسەرە، ئەگەر ئەو بكرێتە سەرۆك وەزیران ئەوا عێراق دابەش دەبێت، بەشێكی بۆ ئێران و بەشەكەی تریشی بۆ سعوودیە.

جگە لە فەیاز، ئەوا هادی عامریش ناوی هەیە، بەڵام ئەگەر ئەو ببێتە سەرۆك ئەوا هەیبەتی عێراق لەناو وڵاتانی عەرەبی نامێنێت. هەرچی پێوەند بە عادل عەبدولمەهدی هەیە راستە ئەو كەسایەتییەكی شارەزا و بە توانایە، بەڵام كێشەی زۆری لەسەرە و كۆمەڵگەی عێراقیش قبووڵی ناكات. هەرچی تاریق نەجمە وەك ناو باس دەكرێت بە تایبەت پاش تووڕەیی مەرجەعیەت لە حەیدەر عەبادی كە لە ئیشەكانی رازی نییە، ئەمەش چانسی ئەوی زۆر كەم كردووەتەوە.

بە پێی راپۆرتێكی "یەقین" بێت، ئێستە ماڵی شیعەكان دابەشی سەر دوو رەوت بوونە، رەوتێكی ئاینی كە موقتەدا سەدر و عەماڕ حەكیم وەك دوو بنەماڵەی ئاینی سەركردایەتی دەكەن، لەگەڵ رەوتی حزبەكانی نزیك لە ئێران وەك هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نووری مالیكی و هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری.

ئەو سەركردەیەی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە رێككەوتنی بنەڕەتی لە نێوان دەوڵەتی یاسا و فەتح و ئیڕادە و كەفائات هەیە كە كۆی گشتی كورسییەكانیان دەگاتە 80 كورسی، گوتی "هەوڵەكانیش بەردەوامە بۆ رازیكردنی حەیدەر عەبادی تا بێتە ریزەوە، ئەگەرچی لە پێوەندیدایە لەگەڵ موقتەدا سەدر، بەڵام دواجار دەبێت خۆی یەكلا بكاتەوە".

زیاتر گوتی "هەردوو رەوتی شیعی كێبەركێ دەكەن لە پێدانی بەڵێنی گەورە بە كورد و سوننە تا رازییان بكەن پشتگیرییان لێ بكەن".

12ی ئەم مانگە، سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تێپەڕی، شارەزایەكی دەستووری و یاسایش دەڵێ، دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن، بەگوێرەی دەستوور پاش تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردن و تێپەڕبوونی رێكارە یاسایییەكان لە ماوەی تەنیا 10 رۆژدا، دەبێت ئەنجامەكە بۆ دادگای فیدڕاڵ بەرز بكرێتەوە بۆ پەسندكردنی.

ئەوەشی خستەڕوو كە هیچ یاسایەك لە عێراق نییە ماوەی پەسندكردنی ئەنجامەكان لە دادگای فیدڕاڵ دەستنیشان كردبێت، بەڵكو كراوەیە، پاش پەسندكردنەكەش لە دادگای فیدڕاڵ ئەوا سەرۆك كۆماری ئێستە پەرلەمان بانگهێشت دەكات بۆ كۆبوونەوەی یەكەمی و هەڵبژاردنی سەرۆك و دەستەی سەرۆكایەتی كە نابێت لە 15 رۆژ زیاتر تێپەڕێت، پاشان پەرلەمان لە دانیشتنی دواتریدا سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێرێت و لیستی گەورەش بۆ پێكهێنانی حكوومەت رادەسپێردرێت كە نابێت لە 30 رۆژ زیاتر تێپەڕێت، ئەگەر كاندیدەكە سەركەوتوو نەبوو، ئەوا كاندید دوای ئەو دەبێت لە ماوەی 15 رۆژ حكوومەت پێك بهێنێت.



وشە - فه‌رمان سادق