موڵك و ماڵەكانی رۆناڵدۆ لە یانەی یۆڤێنتۆس گرانترە

:: AM:11:46:14/08/2018 ‌

یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی رەخنەی توندی ئاراستەی بەرپرسانی یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی كرد بەهۆی گرێبەستە مێژووییەكەیان لەگەڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی.

یۆرگ ڤاگەر بەڕێوەبەری بەبازاڕكردن لە یانەی بایرن میونشن لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: كڕینی رۆناڵدۆ كاریگەری خراپی كردۆتە سەر ئاستی بە بازاڕكردنی زۆرێك لە یانەكان لەوانەش یانەی بایرن میونشن.

زیاتر گوتی: رەنگە ئەو بڕە پارە زۆرەی بە رۆناڵدۆ دراوە بۆ هەندێ یانە ئاسایی بێت، بەڵام ئێمە هەرگیزیش گرێبەست لەگەڵ یاریزانێك ناكەین كە لە سامانەكەی لە یانەكەمان زیاتر بێت.

رۆناڵدۆ مانگی رابردوو لە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بە بەهای 112 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانەی یۆڤێنتۆسەوە كرد، گرێبەستەكەشی بۆ ماوەی چوار ساڵە بە مووچەی ساڵانەی 30 ملیۆن یۆرۆ.

رۆناڵدۆ خاوەن داهاتێكی گەورەیە و لەسەرتاسەری جیهان چەندان كۆمپانیا و هۆتێلی گەشتوگوزاری و میوانخانەی هەیە كە رەنگە بەهای موڵك و ماڵەكانی و بەهای بازاڕکردنی لە ئاستی جیهان لە یانەی یۆڤێنتۆس گرانتر بێت.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م