دوای ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا بڕیاری نۆژەنكردنەوەی پردە ڕوخێنراوەكەی نێوان هەولێر و كەركووك دەرچوو، بەمەبەستی كارئاسانیش بڕیارە بەرلە جەژن پردەكە بكرێتەوە بەشێوەی كاتی.
ئەمڕۆ سێشەم 14ـی ئاب، یەكێك لە پیشوەرەكانی چاككردنەوەی پردی شارۆكەی پردێ بەناوی زانا ئەسعەد بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو شوێنەی ڕووخابوو، ئێستە بە ئاسن بەیەكە گەیەنراوەتەوە و خەریكی وردەكارین.
ئەو پیشەوەرە گوتی، كارەكان زۆر خێران و ئێمە تا هەینی تەواو دەبین، ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ داخستن و بەهێزبوونی پردە ئاسنینەكە 10 بۆ 15 سانتیمەتر قیرتاو هەبێت لەسەری دەنا هیچ كێشەیەكی نامێنێت.
هاوكات نادر رۆستی گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كردنەوەی ئەو پردە كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر هاتنی گەشتیاران و هاندانی كۆمپانیاكان.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار گوتی، هاتنی گەشتیاران و دووركەوتنەوەیان لە چەند سەعاتێك ڕێی دوور كاریگەری دەبێت لەسەر هاتنی گەشتیاری زیاتر بۆ هەولێر.
دوای خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردووی باڵێكی سەربازی یەكێتی و هێرشی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بەشێك لەو پردە ڕووخا و هاتوچۆی نێوان هەولێر و كەركووك پەكی كەوت.