ڕۆژنامه‌ به‌ریتانییه‌كان: كێشه‌ى لیره‌ى توركى ده‌بێته‌ ته‌نگژه‌یه‌كى جیهانى

:: PM:12:16:14/08/2018 ‌
چه‌ند ڕۆژنامه‌یه‌كى به‌ریتانی ئه‌مڕۆ له‌ ڕاپۆرته‌كانیان ئاشكرایان كردووه‌ له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا دابه‌زینى به‌هاى لیره‌ى توركى كاردانه‌وه‌ى نه‌رێنى له‌سه‌ر به‌هاى دراوى چه‌ند وڵاتێك داناوه‌، بۆیه‌ پێشبینى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كێشه‌كه‌ ببێته‌ ته‌نگژه‌یه‌كى جیهانى.

پێگه‌ى BBC ئه‌مڕۆ ڕاپۆرتێكى له‌باره‌ى بابه‌تى لیره‌ى توركى له‌ ڕۆژنامه‌ به‌ریتانییه‌كان بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ و له‌ ڕاپۆرته‌كه‌ باس له‌ پوخته‌ى ئه‌و بۆچوونانه‌ ده‌كات، كه‌ له‌باره‌ى دابه‌زینى به‌هاى لیره‌ى توركی له‌ ڕۆژنامه‌كانى به‌ریتانیا بڵاو كراونه‌ته‌وه‌.

پێگه‌كه‌ یه‌كه‌م نموونه‌ به‌ ڕۆژنامه‌ى گاردیان ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ هه‌ره‌ به‌ناوبانگه‌كانى به‌ریتانیا، وه‌ك ئاماژه‌ى بۆ كراوه‌، لاپه‌ڕه‌ى یه‌كه‌مى ئه‌م ڕۆژنامه‌یه‌ بۆ بابه‌تێك ته‌رخان كراوه‌ به‌ ناونیشانى "مه‌ترسی له‌ ته‌نگژه‌یه‌كى جیهانى هه‌یه‌ و توركیاش ده‌یه‌وێ سنوور بۆ دابه‌زینى دراوه‌كه‌ى دابنێ".

 له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌، دوێنێ دابه‌زینى به‌هاى لیره‌ى توركى كاردانه‌وه‌ى به‌سه‌ر دابه‌زینى دراوى چه‌ند وڵاتێك هه‌بووه‌. له‌وانه‌ به‌هاى دراوى ئه‌رجه‌نتینى كه‌ ناوى پیزۆیه‌ له‌گه‌ڵ راندى ئه‌فریقاى باشوور دابه‌زیوه‌، هه‌روه‌ها دابه‌زینى لیره‌ هه‌ژانێكى بۆ سه‌رجه‌م بازاڕه‌كانى دراو له‌ دنیا دروست كردووه‌.

هه‌روه‌ها ڕۆژنامه‌ى فاینناشناڵ تایمز كێشه‌ى دابه‌زینى به‌هاى لیره‌ى توركى به‌ "ڤایرۆس" وه‌سف كردووه‌، پێشبینى ئه‌وه‌ ده‌كات به‌ر ئه‌و ئابوورییانه‌ بكه‌وێت كه‌ تازه‌ ده‌بووژێنه‌وه‌. بۆیه‌ به‌رپرسانى دارایى له‌ كۆمپانیا گه‌وره‌كانى دنیا داوا له‌ توركیا ده‌كه‌ن رێگریى بكات له‌ دابه‌زینى به‌هاى لیره‌ و ده‌ڵێن ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى دوێنێ بانكى ناوه‌ندى توركیا ناویه‌تى سنوورداره‌ و ناتوانێ رێگریى بكات.




وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل