پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون دەست پێ‌ دەكاتەوە

:: PM:12:18:14/08/2018 ‌
پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون لە سنووری شاری سلێمانی دەست پێ‌ دەكاتەوە، ئەوەش دوای دیاریكردنی بڕێك پارە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 14ـی ئاب، بەرهەم سەردار سكرتێری كۆمەڵەی داكۆكی لە مافی كرێنشینانی سلێمانی لە كۆنگرەیەگی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، تەواوكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیان و پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون دەست پێ دەكاتەوە لەسەر بنەمای ئەو پارەی دیاری كراوە، بۆیە ئێمە دەتوانین بۆ ماوەی دوو بۆ سێ‌ مانگ بەردەوام بین لە كارەكانمان.

سكرتێری كۆمەڵی كرێنشینان گوتی، لەو یەكانەی تەواو كراون، تەنیا دەست بەتەواوكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیان دەكەینەوە، بۆیە ئەگەر حكوومەت بەردەوام بێت لە پێدانی پارەی پڕۆژەكە، ئەوا بە ماوەیەكی كورت سەرجەم یەكەكان تەواو دەبن.

بەرپرسی پڕۆژەكەیش لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا گوتی، پڕۆژەكە دەستی پێ‌ كردووەتەوە نزیكەی هەزار و 500 خێزان ناوەكانیان یەكلا كراونەتەوە و سەرجەمیشیان كەمدەرامەتی شاری سلێمانین، یەكەكانیش بەوان دەدرێت، بۆیە كارەكان ئێستە خێرا كراون.

دوای تەنگژەی دارایی هەرێمی كوردستان بەشی زۆری پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و یەكەكانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی كوردستان وەستاون، بەڵام بە بڕیارێك لە كۆتایی مانگی ڕابردوو دەست كراوە بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان.



وشە - رامیار جەواد