ئەمڕۆ هەولێر یاریی هەیە

:: PM:12:22:14/08/2018 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم سەعات 7ی ئێوارە یانەی هەولێر لە گەڕی سێیەمی كۆمەڵەی یەكەم لە قۆناغی كۆتایی خولی پلە یەكی عێراق لەنێو یاریگەی فڕەنسۆ هەریری مێوانداری یانەی میسان دەكات.

یانەی هەولێر تا ئێستا دوو یاریی لە خولی پلە یەكی عێراق ئەنجامداوە و لە یاریی یەكەمدا بە گۆڵێكی بێ وەڵام لە یانەی سڵێخی بردۆتەوە و شەمووی رابردووش لە دووەم یاریدا بە ئەنجامی 2-2 گۆڵ لەگەڵ یانەی مووسڵ یەكسان بوو.

یانەكە ئێستا بەكۆكردنەوەی 4 خاڵ و بەجیاوازی گۆڵ لەگەڵ یانەی دیفاع مەدەنی، لە ریزبەندی یەكەمی كۆمەڵەی یەكەمی خولی پلە یەكی عێراق دێت و یانەی میسانیش بەكۆكردنەوەی 2 خاڵ بە یەكسانبوون لە هەردوو یاریی رابردوویدا لە ریزبەندی پێنجەمی كۆمەڵەكەی دێت.

یارییەكانی قۆناغی كۆتایی خولی پلە یەكی عێراق بە دوو كۆمەڵەی جیاواز و بە بەشداری 12 یانە و بە شێوەی خول و بەیەك قۆناغ بەڕێوە دەچێت و یەكەمی هەر كۆمەڵەیەكیش راستەوخۆ سەردەكەوێ بۆ خولی نایابی عێراق.

كۆمەڵەكانی خولی پلە یەكی عێراق بەمشێوەی خوارەوە دابەشبوون:-

کۆمەڵەی یەکەم: ھەولێر، سلێخ، میسان، مووسڵ، قاسم، دفاع المدنی.

کۆمەڵەی دووەم: کەرخ، سەناعە، برایەتی، ناسرییە، عەفک، رومادی.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م