هەموو ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن ئێران پێشوازی لە حەیدەر عەبادی نەكات و سەردانەكەشی بۆ ئەو وڵاتە هەڵوەشاوەتەوە، چاودێرانیش كۆكن لەسەر ئەوەی هۆكاری هەڵوەشانەوەكە پێوەندارە بە هەڵوێستی عێراق لە بارەی سزای ئابووری ئەمەریكا بۆ سەر تاران.
دوای راگەیاندنی سزای ئابووری بۆ سەر ئێران لەلایەن ئەمەریكاوە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند، لەگەڵ ئەوەی وڵاتەكەی پێی وایە سزادانی ئێران هەڵەیەكی ستراتیجییە و لە دڵەوە پێی نیگەرانن و رەتی دەكەنەوە، بەڵام حكوومەتی عێراق بۆ پارێزگاریكردن لە هاووڵاتییانی پابەندی جێبەجێكردنی بڕیارەكە دەبێت.
عەبادی ئاماژەی بەوەش دا وەك هەر وڵاتێكی تر ناتوانن مامەڵە بە دۆلار بكەن ئەگەر حكوومەتی ئەمەریكا رێیان پێ نەدات، بۆیە "ئەگەر پابەندی بڕیاری ئەمەریكا نەبین ئەوا زیان دەكەین، ئەگەرچی ئێمە بە بڕیاری سزادانەكە رازی نین، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە بۆ خاتری ئێران زیان بە خۆمان بگەیەنین، بۆیە وەك سەرۆك وەزیران ناتوانم هەڵوێستێك وەرگرم زیان بە هاووڵاتییانی عێراقی بگەیەنێت".
چاودێران پێیان وایە هەڵوێستی عەبادی لە رووی نیشتمانییەوە زۆر دروستە و لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی عێراقیدایە، هاوكات ئەوەش ناشارنەوە كە وڵاتەكەی رادەستی ئێران بووە لە رووی ئابوورییەوە كە ساڵانە زیاتر لە 13 ملیار دۆلار بازرگانی لە نێوانیان هەیە.
شارەزایان ئەوەش ناشارنەوە كە هەڵوێستەكەی عەبادی بە دیوە سیاسییەكەی تەنگژەی ناوخۆی عێراق زۆر زیاتر دەكات، بە تایبەت دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن كە ئێستە ململانێیەكە لەسەر پێكهێنانی لیستی گەورەی پەرلەمانی و كاندیدی سەرۆك وەزیرانە كە عەبادی دەیەوێت لەو رێیەوە گوشارێك بخاتە سەر ئێران كە پشتگیری لە هادی عامری سەركردەی هاوپەیمانی فەتحی ركابەری دەكات.
بەشێكی تریش هەڵوێستەكەی عەبادی دەبەستنەوە بە خۆپێشاندانەكانی دوو مانگی رابردوو كە تا ئێستە بەردەوامی هەیە، كە عەبادی پێی وایە هۆكاری سەرەكی سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەكان ئێران بووە لە رێی بڕینی كارەبا لەسەر بەسڕە و گرتنەوە و گۆڕینی ئاراستەی رووبارەكانی لە ئێرانەوە دەڕژێنە ناو عێراق.
بەپێی راپۆرتێكی "
قودس"، ئاماژە بۆ نەیارەكانی عەبادی لە ناوخۆی عێراق دەكات و پێیان وایە، هەڵوێستەكەی عەبادی زۆر لە پرسی سزاكانی ئەمەریكا سنووری تێپەڕاندووە، ئەمەش وایكرد هەرزوو رەتی هەڵوێستەكەی بدەنەوە و ئەوەش بە بیر عەبادی بهێننەوە كە ئێران رۆڵی كاریگەری هەبووە لە شەڕی دژ بە داعش.
موجتەبا حوسێنی نوێنەری خامنەیی لە عێراق رای گەیاند، هەڵوێستی عەبادی لەگەڵ پەیمانی ئێران لە شەڕی دژ بە داعش و بەرگریكردن لە عێراق نایەتەوە، گوتی "عەبادی كەسێكی دۆڕاوە بەرانبەر ئەمەریكا".
هەڵوێستەكەی عەبادی لە ئێرانیش رووبەڕووی رەخنەیەكی توند بووەوە، تەنانەت گەیشتە ئاستی هەڵوەشاندنەوەی سەردانی ناوبراو بۆ ئێران.
حەیدەر عەبادی كە ئەمڕۆ لە توركیایە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەر پرسی ئاو و پێوەندییەكانی هەردوو وڵات، بڕیارە سبەی سەردانی تاران بكات، بەڵام میدیای فەرمی ئێرانی لە زاری بەرپرسانی باڵای وڵات رای دەگەیەنن كە سەردانی عەبادی لە بەرنامەی سەرۆك كۆماری ئێراندا نییە.
پێگەی "دیپلۆماسیی ئێرانی" سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، حەیدەر عەبادی تۆمەتبار دەكات بە تێكچوونی پێوەندییە ستراتیجییەكانی ئێرانی و عێراقی، دەڵێ عەبادی چارەنووسی دۆستانی حوسێنیان دەبێت كە تەنیا جێیان هێشت لە بیابانەكانی كەربەلا.
پێوەند بەو بابەتە مەحموود سادقی پەرلەمانتاری ئێرانی دەڵێ لە تویتێكدا داوای ملیارێك و 100 ملیۆن دۆلار سزای بڕاوەی شەڕی نێوان ئێران و عێراق دەكات كە عێراق زیانی بە ئێران گەیاندووە.
گوشار و هێرشەكانی ئێران بۆ سەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراقی ناچار كرد سازش بۆ ئێران بكات و رای بگەیەنێت كە وڵاتەكەی پابەندە بەوەی تەنیا مامەڵە بە دۆلار لەگەڵ ئێران نەكات، نەك بە هەموو سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران.
عەبادی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی پێش سەردانی بۆ توركیا، هێمای بۆ ئەوە كرد كە وڵاتەكەی پابەندە بە سزاكانی ئەمەریكا لەسەر ئێران تەنیا لە یەك خاڵدا ئەویش بە دۆلار مامەڵەی لەگەڵ ناكەین.
لێدوانە تازەكەی عەبادی، تەواو پێچەوانەی هەڵوێستی حكوومەتی عێراق كە هەفتەی رابردوو عەبادی خۆی رای گەیاند، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ دەنگۆی رەتكردنەوەی سەردانی عەبادییە بۆ ئێران كە بڕیارە بەیانی ئەو سەردانە ئەنجام بدات.
چاودێران دەڵێن عەبادی هەوڵ دەدات بەو لێدوانە تازەیەی ئێرانییەكان رازی بكات پێشوازی لێ بكەن، بۆ ئەمەش هەوڵ دەدات دڵنیایی بداتە ئێران و حزبە عێراقییەكانی سەر بە ئێرانن بۆ ئەوەی پشتگیری لە خولی دووەمی عەبادی بكەن، بەڵام دوور نییە عەبادی لەم ناوەندەدا بە تەواوەتی دوور بخرێتەوە ئەگەر بكەوێتە بەر تووڕەیی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، دوور نییە پشت لە عەبادی بكەن.
تووڕەیی بەرپرسانی ئێران دوای ئەوە دێت عەبادی پێش سەردانی بۆ توركیا رای گەیاند، كە سەردانی توركیا و ئێران دەكات، بەڵام هەر زوو وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەردانی عەبادی بۆ ئێرانی رەت كردەوە، ئەمەش وەك پەیامێكی روونی تووڕەیی تاران لە عەبادی لێك درایەوە.
بەرهەم قاسمی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاژنسی "ئیسنا"ی نیمچە فەرمی دەوڵەتی راگەیاندووە، هیچ زانیارییەكیان نییە لەسەر سەردانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئێران.
هاوكات سەرچاوەیەك لە نووسینگەی عەبادی لە بەغدا بە "
عەرەب"ی راگەیاندووە كە نووسینگەی عەبادی لەگەڵ سەركردایەتی ئێرانی لە پێوەندیدان لە بارەی دواخستنی سەردانەكە، پێ دەچێ لێدوانەكانی ئەمدواییەی عەبادی یەكێك بێت لە هۆكارەكان كە ئێران راستكردنەوەی لێدوانەكەی كردووە بە مەرج بەسەر عەبادی بۆ پێشوازی لێكردنی".