یۆڤێنتۆس بە نەخێر وەڵامێك بۆ ریال مەدرید دەنێرێتەوە

:: PM:01:14:14/08/2018 ‌

یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی لەچەند سەعاتی رابردوودا بە نەخێر پەیامێكی بۆ یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ناردۆتەوە.

رۆژنامەی (توتو سپۆڕت)ی ئیتاڵی ئاشكرای كرد: یانەی ریال مەدرید دەستەوارەیەكی بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ میرالیم پیانیچی ئەستێرەی بۆسنی داوەتە یانەی یۆڤێنتۆس و بەهاكەشی 60 ملیۆن یۆرۆ بووە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی یاریزاناندا هەریەك لە یانەكانی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و چێڵسی و مانچستەر سیتی ئینگلیزیش داوای پیانیچیان لە یانەی یۆڤێنتۆس كردبوو.

یانەی یۆڤێنتۆس وەك نامەی یانەكانی تر بە نەخێر پەیامەكەی بۆ یانەی ریال مەدرید ناردۆتەوە و تێیدا جەختی كردۆتەوە بە كەمتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری پیانیچ نابن.

یانە ئیتاڵییەكە بۆ رێگریكردن لە یانە گەورەكانی ئەوروپا، ئێستا خەریكی گفتوگۆیە لەگەڵ پیانیچ بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی تا ساڵی 2023 و زیادكردنی مووچەكەی بۆ 6.5 ملیۆن یۆرۆ.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م