هێزه‌كانى پارتى كرێكارانى كوردستان "په‌كه‌كه" له سنوورى پشده‌ر، كێشه‌ی زۆر بۆ هاووڵاتییان دروست ده‌كه‌ن و هاوشێوه‌ی گرووپه توندڕۆكان، هه‌ر هاووڵاتییه‌ك پابه‌ندی فرمانه‌كانیان نه‌بێ به قامچى لێی ده‌ده‌ن و موڵك و ماڵى ده‌ست به‌سه‌ر ده‌كه‌ن. شوێنێكیشیان دیارى كردووه بۆ سزادانیان به‌ناوى "پرده‌شاڵ".
ڕێباز سه‌لیم گه‌نجێكى سنوورى پشده‌ر، ئه‌و دواى ته‌واوكردنی خوێندن ده‌گه‌ڕێته‌وه گونده‌كه‌یان و خه‌ریكى شوانكارى ده‌بێت. به‌ڵام له‌و گه‌ڕانه‌وه‌دا تووشی شۆك بووه كاتێك ده‌بینێ گونده‌كه‌یان خراوه‌ته ژێر رێوشوێنی توندی په‌كه‌كه‌وه. به گوته‌ى رێباز "مۆبایلى زیره‌ك قه‌ده‌غه‌یه له گونده‌یه‌كان و زیاتر له 100 قامچى لێ دراوه به‌هۆى به‌كارهێنانیه‌وه".
ڕێباز بۆ "وشه" ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه سنوورى گونده‌كه‌یان سروشتێكى "زۆر جوانى" هه‌یه، بۆیه وه‌ك خۆی ده‌ڵێ "به مۆبایله‌كه‌م خه‌ریكى وێنه‌گرتنى گوڵ و ئاو و تاڤگه و ڕووباره‌كان دبووم ڕۆژانه، به‌ڵام ڕۆژێك هه‌شت چه‌كدار هاتن و گوتیان تۆ سیخوڕی بۆ توركیا ده‌كه‌یت، زۆریان لێ دام و بردمیان بۆ (پرده‌شاڵ) و زیاتر له 100 قامچییان لێ دام، دواتر باوكمیان ناچار كرد به پێدانى بڕێك پاره، ئینجا ڕزگار كرام به‌و به‌ڵێنه‌ی نابێ ئه‌و بابه‌ته له هیچ شوێنێك باس بكه‌م".
رێباز كه ئازاد ده‌بێ نیگه‌رانی ئه‌وه‌یشه كه زیانی دارایی له باوكی كه‌وتووه كه له به‌رانبه‌ر ئازادكردنیدا "10 سه‌ر بزن و مه‌ڕ له‌گه‌ڵ دوو ملیۆن دیناری عێراقی" داوه. ئه‌و دۆخه ماڵباتی رێباز دووچاری ترس ده‌كات و به ناچاری كۆچ ده‌كه‌ن به‌ره‌و شار و ئاژه‌ڵه‌كه‌یان ده‌فرۆشن. ئێسته‌یش رێباز شۆفێری تاكسییه له هه‌ولێر.
په‌كه‌كه 365 گوندی هه‌رێمی كوردستانی داگیر كردووه و كاری كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری و ته‌نانه‌ت سه‌ردانیش بۆ خه‌ڵكه ره‌سه‌نه‌كه‌ی قه‌ده‌غه‌یه. جیا له‌وه‌ی به‌هۆی ئه‌وانه‌وه توركیا به‌رده‌وام بۆردمانی ئه‌و ناوچانه ده‌كات.
نه‌هرۆ عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی سه‌نگه‌سه‌ر له سنوورى پشده‌ر، بۆ "وشه" رای گه‌یاند، له چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا به‌هۆی بوونی كێشه‌ی سنووری له نێوان دوو گوند، هێزه‌كانی په‌كه‌كه هاتنه شوێنه‌كه و ڕووداوی نه‌خوازراو ڕووی داوه.
كێشه‌كه له نێوان هاووڵاتییانی گوندى قڕناقا و كاسكان بوو به‌هۆی دیاریكردنى سنوورى گونده‌كانیان. به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی سه‌نگه‌سه‌ر ده‌ڵێ "هێزه‌كانی په‌كه‌كه له‌و شوێنه چه‌ند هاووڵاتییه‌كیان گرت و خۆیان وه‌ك خاوه‌ن ماڵ خه‌ریكى چاره‌سه‌رى كێشه‌كه بوون، بۆیه به‌ریه‌ككه‌وتن له نێوان گوندنشینان و هێزه‌كانى په‌كه‌كه‌یش رووی دا".
نه‌هرۆ زیاتر روونی كرده‌وه، "ئه‌و شوێنه له ده‌سه‌ڵاتى ئێمه‌دا نییه، به‌ڵكو په‌كه‌كه ده‌سه‌ڵاتى تێیدا هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سنوورى هه‌رێمى كوردستانه".
زاهیر عه‌لى ناوى خوازراوى موختارى یه‌كێك له گونده‌كانى ژێرده‌ستى په‌كه‌كه‌یه، ئه‌و ئاشكراى ده‌كات كه ئه‌و چه‌كدارانه هاووڵاتییان ناچار ده‌كه‌ن گونده‌كان جێ بهێڵن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست بگرن به‌سه‌ر موڵك و ماڵه‌كانیاندا.
ئه‌و موختاره بۆ "وشه" گوتى، تا ئێسته 11 ڕووداوى لێدان هه‌بووه له گونده‌كه‌مان له‌لایه‌ن چه‌كدارانى په‌كه‌كه‌وه، له دوا ڕووداودا هاووڵاتییه‌كیان سزا داوه به‌هۆى نه‌دانى سه‌رانه، به شیش داخیان كردووه و ئێسته هاووڵاتییه‌كه له ترسا هه‌ڵاتووه بۆ هه‌ولێر.
موختاره‌كه ده‌ڵێ "چه‌كدارانى په‌كه‌كه ژیانیان لێ تاڵ كردووین، به‌شێك له شوێنه‌كانیان قه‌ده‌غه كردووه نابێ بچین بۆی كه موڵك و ماڵى خۆمانه، زه‌وى چه‌ند ساڵه‌مانه نابێ كارى تێدا بكه‌ین، به‌وه تووشى كێشه‌ی زۆریان كردووین، هه‌ر ناڕه‌زایه‌تییه‌كیش ده‌رببڕین ڕاسته‌وخۆ بۆ شوێنى لێكۆڵینه‌وه‌مان ده‌به‌ن له پرده‌شاڵ".
چوونى 10 هاووڵاتیى سنوورى سه‌نگه‌سه‌ر له‌سه‌ر داواى په‌كه‌كه و گرتنیان و لێدان و ئه‌شكه‌نجه‌دانیان و هێشتنه‌وه‌یان بۆ ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژێك، هێنده‌ى تر هاووڵاتییانى تووشى ترس و دڵه‌ڕاوكێ كردووه، له‌وكاته‌ی ئازاد ده‌كرێن و خه‌ڵك ده‌بینن هه‌موو گیانیان شوێن قامچییه. ئه‌م رووداوه له چه‌ند ڕۆژی رابردوو ڕووى داوه.
هیوا ڕه‌سووڵ كه باوكى به‌هۆى ڕووداوێكى گونده‌یان له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه بانگ ده‌كرێت و به‌پێى خۆى ده‌ڕوات، ده‌ڵێ "دواى چوار ڕۆژ و به هاوكارى چه‌ندان كه‌سایه‌تیى دیارى سنووره‌كه، له‌ناو به تانییه‌ك هێنایانه‌وه و به‌پێی خۆی نه‌یده‌توانی هه‌نگاو بنێ".
هیوا ورده‌كاری رووداوه‌كه له زاری باوكییه‌وه بۆ "وشه" ده‌گوازێته‌وه و ده‌ڵێ باوكم گوتی "من و چه‌ند كه‌سێكی تر به چاوبه‌ستراوی گوازراینه‌وه بۆ (پرده‌شاڵ)، زۆر ئه‌شكه‌نجه دراین و هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن‌یان لێ كردین به‌بێ هیچ پرسیارێك. له‌كاتى به‌ردانیشمان گوتیان ئه‌مه بگات به میدیاكان دڵنیابن ژیانتان سه‌لامه‌ت نابێت".
ماڵی هیوا ئێسته گونده‌كه‌یان جێهێشتووه و به‌گوته‌ی خۆی، به‌هۆى سووڕانه‌وه‌ى به‌رده‌وامی چه‌ند فڕۆكه‌یه‌كى توركیا بووه، به‌ڵام ئێسته خه‌ریكى تیماری برینه‌كانى گیانی باوكیانن و دووپاتی ده‌كاته‌وه "جارێكى تر ناگه‌ڕێینه‌وه گونده‌كه، چونكه ماڵمان له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه ده‌ست به‌سه‌ر كراوه".
هه‌رچى پۆلیسى سنووره‌كه‌یه ئاشكراى ده‌كات، له هه‌ندێك شوێن به‌هۆى بوونى په‌كه‌كه ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا نییه و ئه‌وان بڕیار له‌سه‌ر هه‌ندێك شت ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه چاره‌سه‌رى هاووڵاتییانه كاتێك زامدار ده‌بن.
ڕائید شۆڕش ئیسماعیل گوته‌بێژى پۆلیسى ڕاپه‌ڕین، بۆ "وشه" روونی كرده‌وه، سكاڵا زۆرن و به‌رده‌وام ڕۆژانه تۆمار ده‌كرێن، به‌شێك له سكاڵاكان پێوه‌ندى به په‌كه‌كه‌وه هه‌یه، به‌ڵام ئێمه هیچ ده‌سه‌ڵاتێكمان نییه له سنوورى په‌كه‌كه.
ئه‌و به‌رپرسه‌ى پۆلیس ئاماژه‌ى دا، هاووڵاتى هه‌یه دێت سكاڵا تۆمار ده‌كات له‌سه‌ر په‌كه‌كه كه ئه‌شكه‌نجه‌یان داوه و هه‌یشه بۆ سه‌ردانى نه‌خۆشخانه‌كانى سنووره‌كه دێن، ئه‌وه‌ى هه‌یه لاى ئێمه هه‌ر هێنده‌یه، چونكه ناتوانین به‌دواداچوون له سنوورى په‌كه‌كه بكه‌ین و سكاڵاكان یه‌كلا بكه‌ینه‌وه.
عه‌بدوڵا سوور ڕاوێژكارى یاساییه و "وشه" بۆ روونكردنه‌وه‌ی لایه‌نی یاسایی كێشه‌ی ئه‌و هاووڵاتییانه پرسیاری لێ كرد، كه‌چی گوتی "منیش خه‌ڵكی یه‌كێك له‌و گوندانه‌م و 10 ساڵه نه‌چوومه‌ته‌وه، به‌ڵام خزم و كه‌سم ژیانیان له مه‌ترسیی گه‌وره‌دایه، چونكه له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه بێ دادگه و بێ یاسا له گرتووخانه زۆر تاریك و ژێرزه‌وینه‌كاندا ئه‌شكه‌نجه ده‌درێن به‌بێ تاوان".
ئه‌و ڕاوێژكاره ئاشكراى كرد كه له رووی یاساییه‌وه ناتوانن سكاڵاش تۆمار بكه‌ن، چونكه هیچ شوێنێك نییه بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌كدارانه.