چوار لایەنەكە بۆ یەكێتی: هەڵوێستمان بەرانبەرتان نەگۆڕاوە

:: PM:04:03:14/08/2018 ‌
بەرپرسێكی بزووتنەوەی گۆڕان ڕای دەگەیەنێت، هەڵوێستی چوار لایەنەكە بەرانبەر ئەو ساختەكارییانەی لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ڕابردوو ئەنجام درا، نەگۆڕاوە.

ئەمڕۆ سێشەم 14ی ئاب/ ئۆگستس، ئەمین بەكر سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هیچ خاوبوونەوەیەك لە هەڵوێستی چوار لایەنە ناڕازییەكەدا نییە لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان.

ڕوونی كردەوە كە هەڵوێست و پاڵەپەستۆكانی ئەوان لەسەر ئەنجامەكانی و بەرانبەر ساختەكارییەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار وەك خۆی ماوەتەوە.

ئەو لێدوانەی بەرپرسەكەی گۆڕان وەك وەڵامێك دێت بەرانبەر بە لێدوانێكی ئەمڕۆی سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندام و گوتەبێژی یەكێتی كە ڕای گەیاندبوو، هەڵوێستی چوار لایەنە ناڕازییەكە خاوبوونەوەی پێوە دیارە.

ڕۆژی شەمووی ڕابردوو چوار لایەنی هەرێمی كوردستان كە بەلایەنە ناڕازییەكان ناو دەبرێن و بریتین لە "گۆڕان و كۆمەڵ و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەوەری و یەكگرتووی ئیسلامی"، كۆ بوونەوە و لە دوای كۆبوونەوەكەیش لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایان گەیاند، دیالۆگی نیشتمانی بەرپرسیارانە بەپێویست دەزانین و ئەنجامی بە دەستی هەژماركردنەوەی دەنگەكانیش ڕەت دەكەینەوە.

سەعدی ئەحمەد پیرە گوتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەمیانی گفتوگۆیەكی لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمەریكا ڕای گەیاندووە، ئەم خاوبوونەوەیەی ئەو چوار لایەنە بە ئەرێنی دەنرخێنن و بابفەرموون بۆ دیالۆگ لەسەر ئەم پڕۆژەیەی ئامادە كراوە لەسەر هەر شتێكی تر كە پێوەندی بە ئایندەی عێراقەوە هەیە.

پیرە گوتی، "من پێم وانییە هیچ كەسێك بە ئەنجامێك ڕازی بێت كە تێیدا دۆڕابێت، بۆیە بەلای ئێمەوە ئاسایییە ئەگەر ئەوان زۆر خۆشحاڵ نەبن بەو ئەنجامە، بەڵام پێمان گرنگە دەنگێكی نەشاز لە دەرەوەی یەكڕیزی نیشتمانی نەمێنێت".

پێشتر ئەو چوار لایەنە ناڕازییە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایاریان رەت كردبووەوە و ڕایان گەیاندبوو كە تا ئەنجامی دەستی دەنگەكان ئاشكرا نەكرێت، ئەوان هیچ گفتوگۆیەك لەگەڵ یەكێتی و پارتی ناكەن.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم