عەبادی: نەوتی كەركووك لە توركیاوە هەناردە دەكەین و سنوورەكان دەپارێزین

:: PM:04:21:14/08/2018 ‌
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەم 14ی ئاب/ ئۆگەستس، دوابەدوای كۆبوونەوەیان كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەرێوەچوو. ئەردۆغان  ڕای گەیاند، لەگەڵ عێراق پێكەوە شەڕی تیرۆر دەكەین و جیاوازی لەنێوان پەكەكە و داعش نییە.

سەرۆك كۆماری توركیا گوتی، لە بواری ئابووری گفتوگۆمان كردووە و زیاتر پێوەندییەكانمان گرنگی پێدەكەین و ئێستە  11 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەردوولادا هەیە.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا گوتی، لە بوونیاتنانەوەی عێراق هاوكار دەبین و هەوڵدەدەین هەموو كێشەكانی نێوان هەردوولا چارەسەر بكەین، چونكە سەقامگیری عێراق سەقامگیری توركیایە.

وەك ئەردۆغان هێمای بۆ كرد، بڕیاریانداوە دەروازەیەكی سنووری لەگەڵ عێراق بكەنەوە و هەردوو لایش دووپاتیان لەسەر گرنگی پێوەندییەكان كردووەتەوە.

هاوكات حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆنگرەكەدا گوتی، توركیا لەبارەی كێشەی ئاو دڵنیایی كردینەوە و لەبارەی ئاو و وەزەیش گفتوگۆی باش كراوە. عەبادی گوتی، ڕێگە نادەین لە عێراقەوە هێرش بكرێتە سەر توركیا و لەو تەنگژەی تێی كەوتووە پشتیوانیان دەكەین.

عەبادی لە بەشێكی تری قسەكانیدا گوتی، نەوتی كەركووك لە ڕێی توركیاوە هەناردە دەكەین و پلانمان هەیە بۆ زیاتر پاراستنی سنووری نێوان عێراق و توركیا.

سەردانی عەبادی بۆ ئەنكەرە لە كاتێكدایە ماوەی دوو مانگە توركیا ئاوی لەسەر عێراق گرتووەتەوە و باشوور بەرەو بیابانبوون دەڕوا، خەڵك بێ ئاون و كێڵگە كشتوكاڵییەكان وشك بوون و جووتیاران زیانی گەورەیان كردووە، بەڵام حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی عەبادی هەڵوێستێكی توندی نەبووە و بۆ چارەسەری ئەو پرسەیش سەردانی توركیایان نەكردووە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم