تاڵەبانی لە سلێمانی بانگەشەی دەست پێ كردووە و بڕیارەكانی پارێزگار هەڵدەوەشێنێتەوە

:: PM:04:42:14/08/2018 ‌
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بانگەشەكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ یەكێتی بەردەوامە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوویشدا ڕێنوێنییەكانی ئیدارە و قایمقامییەتی سلێمانی بۆ بەرژەوەندی خۆی پێشێل دەكات.

قایمقام و پارێزگاری سلێمانی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بڕیاری دابوو كە كورسی و عەرەبانەكانی شەقامی سەهۆڵەكەی شاری سلێمانییان لا ببات، بەڵام بە چەند سەعاتێك دوای ئەو بڕیارە قوباد تاڵەبانی لە سەهۆڵەكە بە كاسبكارانی ڕاگەیاندووە، كەس ناتوانێت لاتان ببات.

هاوكات غالب محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو كارەی كە بەرانبەر كاسبكاران كرا بە لابردنی كورسی و عەرەبانەكانیان لە سەهۆڵەكە و دواتر قوباد تاڵەبانی رۆیشتووە بۆ پشتیوانییان، دووفاقی یەكێتی و بەرپرسەكانی یەكێتی نیشان دەدات.

ڕوونیش كردەوە كە ئاسایش بۆ لابردنی كورسییەكان هاتووەتە ناردن، بەڵام پێشتریش ئەو قایمقامە چەندان جار ئەو یارییانەی كردووە، بەڵام هەموو جار بۆ بەرژەوەندی مەڵبەند و بەرپرسەكانی یەكێتی بووە.

 "ئەم كارەی قوباد تاڵەبانی كە سەرۆكی لیستی یەكێتییە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بانگەشەی پێشەوەختەیە، بەڵام خەڵكی سلێمانی زۆر لەوە ڕۆشنبیرترن كە ئەوان بتوانن بەكاریان بهێنن". غالب محەمەد وای گوت.

" وشە" چەندان جار پێوەندی بە ئاوات محەمەد قایمقامی سلێمانی كرد، بەڵام پێوەندییەكەی بەردەست نەبوو.

پێشتریش "وشە" هەواڵی ئەوەی بڵاو كردبووەوە كە لەمیانەی سەردانی فەرمانگەكانی حكوومەت لە سلێمانی تاڵەبانی دەستی بە بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردن كردووە.
 
سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم