بەهۆی نەناردنی دەرمان ژیانی سەتان نەخۆشی گورچیلە لە خانەقین دەكەوێتە مەترسییەوە

:: PM:05:19:14/08/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی دیالەوە ئامێر و پێویستی تەندروستی نەخۆشانی گورچیلە بۆ نەخۆشخانەكانی خانەقین ڕادەگرێت و بەو هۆیەشەوە ژیانی چەندان نەخۆش كەوتووەتە مەترسییەوە.
 
ئەمڕۆ سێشەم 14ی ئاب/ ئۆگستس، كاروان محەمەد بەڕێوەبەری سەنتەری گورچیلەی دەستكرد لە نەخۆشخانەی گشتی كەلار بە "وشە"ی ڕاگەیاند، وەك سەنتەری گورچیلەی دەستكرد لە نەخۆشخانەی گشتی كەلار وەك سەنتەرێكی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان 150 پێویستی شۆردنەوەی نەخۆشانی گورچیلەمان بۆ نەخۆشخانەی گشتی خانەقین دابین كرد.
 
ئاشكرای كرد، ماوەی زیاتر لە مانگێكە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دیالە پێداویستییەكانی شووشتنەوەی گورچیلەی لە نەخۆشخانەی خانەقین بڕیوە.
 
بەڕێوەبەری سەنتەری گورچیلەی دەستكرد لە كەلار ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، سەرباری دابینكردنی پێداویستی پزیشكی شووشتنەوەی گورچیلە لە ناوەندی سەنتەرەكەیاندا لە كەلار چارەسەر بۆ ئەو كەسانەیش دەكرێت كە گورچیلەیان پێویستی بە شووشتنەوە دەبێ .
 
بەرپرسەكەی تەندروستی دووپاتی كردەوە كە زیاتر لە هەزار كەس بەردەوام پێویستی بەشووشتنەوەی گورچیلە هەیە و ئەگەر بە ئامێری شووشتنەوەی گورچیلە نەشۆرێتەوە گورچیلەی ئەو كەسە بەتەواوەتی پەكی دەكەوێ.
 
ئەوە لەكاتێكدایە كە ماوەی زیاتر لە ساڵێكە بەرپرسانی یەكە كارگێڕییەكانی دیالە بە هەموو شێوەیەك شارۆكەی خانەقینیان فەرامۆش كردووە و هیچ خزمەتێكی پێ ناگەیەنن.
 
گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم