تەواوی دۆسیەی كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان یەكلا بووەتەوە
جێگری نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سیاسی لە عێراق ڕای گەیاند، هاوكاری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان دەكەین و بەشێوەی ناڕاستەوخۆیش چاودێری هەڵبژاردنەكان دەكەین.
ئەمڕۆ سێشەم 14ی ئاب/ ئۆگەستس، كۆبوونەوەیەك لە نێوان جێگری نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سیاسی لە عێراق لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان بەرێوەچوو، دوابەدوای كۆبوونەوەكەیش لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەلیس ولبوول گوتی، لەگەڵ تیمەكانی كۆمسیۆن كۆبوونەتەوە و تەواوی ئامادەكارییەكانیان بینیووە و كۆمسیۆنیش ژمارەیەك داواكاریی خستووەتە بەردەم نەتەوەیەكگرتووەكان و كە بەپێی توانا داواكارییەكان جێبەجێ دەكەن.
ئەلیس ولبوول جێگری نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سیاسی لە عێراق روونیشی كردەوە كە ئەوان ناتوانن راستەوخۆ چاودێری هەڵبژاردنەكان بكەن، بەڵام هاوكاری كۆمسیۆن دەكەن و بەشێوەی ناڕاستەوخۆیش چاودێری هەڵبژاردنەكان دەكەن.
هاوكات هەندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردن بەردەوامن و تۆماری دەنگدەران لە نوێبوونەوەدایە.
ڕوونیشی كردەوە كە قۆناغی وردبینی دۆسییەی كاندیدەكان 90% تەواو بووە، بەڵام پێویستە هیچ كاندیدێك بانگەشە نەكات تا كاتی دیاریكراوی خۆی.
30ی ئەیلوول هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەرێوە دەچێت و 29 قەوارەی سیاسیی و هاوپەیمانی كێبڕكێ لەسەر 111 كورسی پەرلەمانی كوردستان دەكەن.
وشە -
سهرخێڵ هاشم