كۆمه‌ڵێك گه‌نجى خۆبه‌خش پڕۆژه‌یه‌ك بۆ منداڵانى بێ سه‌رپه‌رشت ئه‌نجام ده‌ده‌ن

:: PM:07:38:14/08/2018 ‌
گه‌نجانی خۆبه‌خش له‌ ڕێكخراوی "ناز"  باوه‌شی سۆزیان بۆ منداڵانی بێ سه‌رپه‌رشتی سلێمانی كردووه‌ته‌وه‌ و به‌ یاری كردن له‌گه‌ڵیاندا هه‌ستی بێ دایكی و باوكی له‌ بیر ئه‌و منداڵانه‌ ده‌به‌نه‌وه‌.

گرووپی ناز له‌ ساڵی 2015 دامه‌زراوه‌، له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك قوتابی خۆبه‌خشی زانكۆی سلێمانی، ئه‌و گه‌نجانه‌ به‌ كاری خۆبه‌خشیی له‌ ناو خانه‌كانی منداڵاندا به‌رده‌وام نازی ئه‌و منداڵانه‌یان ھه‌ڵگرتووه‌ كه‌ بێ دایك و باوك بوون.

ژیار جه‌لال به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێكخراوی نازی بێسه‌رپه‌رشتان، بۆ "وشه‌" گوتی، بۆ هه‌ڵگرتنی نازی منداڵانی بێ سه‌رپه‌رشت گرووپه‌كه‌مان دامه‌زراند و به‌ھۆی كاری زۆری گرووپه‌كه‌ و به‌شداری خۆبه‌خشێكی زۆر (ڕێكخراوی ناز)مان دامه‌زراند له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌ری 2017  دا وه‌ تا ئێسته‌یش له‌ كاركردن به‌رده‌وامین، ڕۆژانه‌ خۆبه‌خشه‌كان له‌دوای ڕه‌زامه‌ندی ئیداره‌ی خانه‌كان سه‌ردانی مناڵانی ساوایان و خانه‌ی كوڕان ده‌كه‌ن.

ژیار ئاشكرای ده‌كات، كه‌ منداڵان بوونه‌ته‌ ھاوڕێی ئێمه‌ و به‌ سه‌ردانكردن و بینینی ئێمه‌ دڵخۆشده‌بن كاته‌كان به‌ یاریكردن و باوه‌شكردن و دڵخۆشكردنیان به‌سه‌رده‌به‌ین، ئه‌م ھه‌سته‌ بۆ خۆبه‌خشه‌كانیش ئاسووده‌یه‌كی ده‌روونی واده‌به‌خشێت كه‌ به‌ھیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانین وێنای بكه‌ین، كاتێك منداڵێك له‌ باوه‌ش ده‌كه‌یت و دڵخۆشی ده‌كه‌یت خۆشه‌ویستی خۆیت بۆ ده‌رده‌بڕێت و ڕۆژانه‌ به‌ھیوای سه‌ردانكردنه‌وه‌ و بینینه‌وه‌ی تۆ ده‌بێت بۆ دووباره‌ یاریكردن و دڵخۆشبوونی له‌ناو خانه‌كه‌دا، ئه‌مه‌ ئاسوده‌ییه‌كه‌ كه‌ ھه‌موو كه‌س ناتوانێت پێی بگات ئه‌گه‌ر له‌ كارێكی خۆبه‌خشی و خزمه‌تێكی بچوكی منداڵانێكدا نه‌بێت كه‌ دوورن له‌ باوه‌شی خێزان.

ڕێكخراوی ناز ته‌نیا له‌ناو خانه‌كاندا نازی منداڵه‌كان هه‌ڵناگرن، به‌ڵكو ده‌شیانبه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ و كاتی خۆشیان له‌گه‌ڵدا به‌سه‌ر ده‌به‌ن، وه‌ك ژیار ڕای گه‌یاندووه‌، ده‌یانبه‌ینه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌پێی پێویستی منداڵه‌كان بۆ بازاڕ و شوێنه‌ گشتیه‌كان و نانخواردن به‌ چاودێری به‌ڕێوبه‌ری خانه‌كان ئێمه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی رێكخراویش كۆمه‌ڵێك منداڵی بێدایك و باوك و دوور له‌ خێزانێكی ته‌ندروست ده‌گرینه‌ خۆمان له‌ سنوری سلێمانی بۆیه‌ ئه‌ركی ئێمه‌ ته‌نیا له‌ بردنه‌ ده‌ره‌وه‌و خزمه‌تی منداڵانی خانه‌كانا نیه‌ به‌ڵكو بۆ ئه‌و منداڵانه‌شه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی خانه‌كان بێ لانه‌و بێ خێزانن.

مه‌رجه‌كانی بوون به‌ ئه‌ندام له‌و ڕێكخراوه‌ بریتییه‌ له‌وه‌ی ده‌بێت ته‌مه‌نیان له‌ سه‌روو 18 ساڵ بێت و شاره‌زایی له‌ بوارێكدا ھه‌بێت یان بڕوانامه‌ی ھه‌بێت بۆ زیاتر خزمه‌تكردنی منداڵان به‌شێوه‌یه‌كێ ته‌ندروست.

به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێكخراوی ناز تیشكی خسته‌سه‌ر كێشه‌یه‌ك و گوتی، كێشه‌ی گه‌وره‌ی ڕێكخراوه‌كه‌مان ئێسته‌ و داھاتووی ئه‌م منداڵانه‌یه‌ كه‌ له‌ خانه‌كان 18 ساڵ ته‌واو ده‌كه‌ن و ده‌بێت بڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌ی خانه‌كان كه‌ ھیچ لانه‌ و كارێكی گونجاویان نییه‌ تا بتوانن بژین بۆیه‌ رێكخراوه‌كه‌مان به‌رده‌وام له‌ ھه‌وڵی چاككردنی ئه‌م گرفته‌دایه‌ كه‌ پێویستی به‌ ھاوكاری و هاوئاهه‌نگى زیاتره‌ له‌گه‌ڵ ڕێكخراو لایه‌نی به‌رپرس و كه‌سانی خێرخواز و چاكه‌كار كه‌ ھه‌وڵیان بۆ چاككردنی ژیانی ئه‌م جۆره‌ منداڵانه‌یه‌ كه‌ له‌ ھه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵگه‌وه‌ دوچاری ئه‌م ئازاره‌ ده‌بنه‌وه‌.

سلێمانی/ لۆڤه‌ محه‌مه‌د














وشە - محەمەد میران