نووسینگەی راگەیاندنی سەلیم جبووری سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراق و یەكێك لە سەرانی سوننە ئاشكرای كرد كە هاوپەیمانی "تەوەری نیشتیمانی" كە ئەمڕۆ هاتە راگەیاندن، تا ئێستە لە 53 پەرلەمانتار پێك هاتووە و دووپاتی كردەوە كە ئەوان لە هاوپەیمانەكانی فەتح و دەوڵەتی یاساوە نزیكترن.
عەبدولمەلیك حوسێنی، بەڕێوەبەری نووسینگەكە ئەمڕۆ سێشەم لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە هاوپەیمانیەتییەكەیان نزیكەی 53 پەرلەمانتاری نوێ لەخۆی دەگرێت و ئەوان رۆڵیان دەبێت لە پێكهێنانی فراكسیۆنی گەورەترینی پەرلەمان.
دووپاتی كردەوە كە هاوپەیمانەكانی فەتح بە سەرۆكایەتیی هادی عامری و دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی ئێستە لەسەر گۆڕەپانەكە كاراترن و لە بۆچوونەكان تا ئێستە لەگەڵ ئەواندا نزیكین و دووپاتی كردەوە كە گفتوگۆ لە نێوان فەتح و كورد هەیە و ئێمەیش رۆڵمان تیایاندا دەبێت و رەنگە لەگەڵیان بگەین بە رێككەوتن.
ئەمڕۆ شەش قەوارەی سوننە كە نوێنەرایەتیی سیاسیی سوننەی عێراق دەكەن، واژوویان لەسەر بەڵێننامەیەكی نوێی هاوپەیمانی لە نێوانیان كرد، ئەوەیش لە چوارچێوەی هەوڵەكانیان بۆ دیاریكردنی كاندیدێك بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و دەستكردن بە گفتوگۆ لەگەڵ هێزە گەورەكان كە هەوڵی پێكهێنانی فراكسیۆنی گەورەی پەرلەمان و حكوومەتی نوێی عێراق دەدەن.
لیستەكانی خەمیس خەنجەر و ئوسامە نوجێفی و سەلیم جبووری و جەمال كەربوولی و ئەحمەد جبووری و فەلاح زێدان، واژوویان لەسەر بەڵێننامەی پێكهێنانی یەك هاوپەیمانی كردووە بەناوی (تەوەری نیشتیمانی) كە نوێنەرایەتیی هێزە سوننە براوەكانی هەڵبژاردن بكات بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ هێزە شیعەكان بە مەبەستی پێكهێنانی فراكسیۆنی گەورەترینی ناو پەرلەمان و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق.
هاوپەیمانییە نوێیەكە 40 كورسی لە پەرلەمان لەخۆ دەگرێت كە هاوپەیمانی بڕیار بە سەرۆكایەتیی خەمیس خەنجەر 14 كورسی هەیە و هاوپەیمانی بەغداد بە سەرۆكایەتیی جەمال كەربوولی خاوەنی 14 كورسییە و لیستەكەی ئەحمەد جبووری خاوەن دوو كورسییە و لیستەكانی سەلیم جبووری و فەلاح زێدان خاوەنی 10 كورسین، كە ئەوەیش یەكەم هاوپەیمانییە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی لە عێراق لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی 12ی ئایاری رابردوو و بڕیاریشە هاوپەیمانیەتییەكە كاندیدی سەرۆكی پەرلەمانی نوێ دیاری بكات.