بەرپرسێكی كۆشكی سپی ئەمەریكا رای گەیاند كە وڵاتەكەی توركیا وریا دەكاتەوە بە سەپاندنی سزای زیاتری ئابووری بەسەریدا، ئەگەر ئازادكردنی قەشە ئەمەریكییەكە رەت بكاتەوە.
ئەو پەیامە توندەی ئەمەریكا دوای رۆژێك لە كۆبوونەوەی نهێنی نێوان جۆن بۆڵتن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا و سەردار كیلیج باڵوێزی توركیا لە واشنتن هات سەبارەت بە پرسی ئازادكردنی ئەندرۆ برانسن، قەشەی ئەمەریكایی كە لەلایەن توركیاوە گیراوە و بەرپرسەكەی كۆشكی سپی ئاشكرای كرد كە بۆڵتن وریایی داوەتە توركیا بەوەی ئەمەریكا هیچ سازشێك بۆ توركیا ناكات.
ئەو بەرپرسەی كۆشكی سپی كە ناوی خۆی ئاشكرا نەكرد بۆ "
رۆیتەرز" روونی كردەوە، تا ئێستە لە پرسی برانسن هیچ پەرەسەندنێك رووی نەداوە و ئاماژەی كرد، ئیدارەی ئەمەریكا ئەوپەڕی توند دەبێت و سەرۆك ترەمپ 100% پابەندی گەڕاندنەوەی برانسنە بۆ وڵات و ئەگەر لە ماوەی چەند رۆژێك یان هەفتەیەك هیچ جموجۆڵێك بەدی نەكەین، رەنگە رێوشوێنی توندتر لە بەرانبەر توركیا وەربگرین لە سەر شێوەی سزای ئابووری.
لە ماوەی دوایی پێوەندییەكانی ئەمەریكا و توركیا ئاڵۆزییەكی زۆری بەخۆیەوە بینی، بەتایبەتی دوای رەتكردنەوەی دادگای توركیا بە ئازادكردنی ئەندرۆ برانسن قەشەی ئەمەریكایی كە ماوەی 20 ساڵە لە توركیایە و لە 2016 لەلایەن توركیا بە تۆمەتی پێوەندی بە كودەتا و تیرۆر گیراوە، بەو هۆیەوە ئەمەریكا چەند سزایەكی بەسەر توركیا سەپاندووە و بەهای لیرەی توركیا بەو هۆیەوە ژمارەیەكی پێوانەیی لە دابەزین لە بەرانبەر دۆلار تۆمار كردووە.