شیرین محەمەد عاشقی گوڵ و ڕەنگی سوورە

:: AM:10:18:15/08/2018 ‌

خاتوونە شێوەکار "شیرین محەمەد" لە دایکبووی ساڵی 1970ی شارۆکەی پێنجوێن و پەیمانگەی مەڵبەندی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواو کردووە. ئەو هەرچەندە درەنگ تواناکانی خۆی لە هونەری شێوەکاریدا دۆزیوەتەوە، بەڵام لەم دیمانەیەی "وشە"دا رای دەگەیەنێت، "زیاتر لە 50 تابلۆی دروست کردووە و سەرجەم تابلۆکانیشی وێنەی گوڵن".

کەی دەستت بە کاری شێوەکاری کرد و چۆن تواناکانی خۆتت لەو بوارە دۆزییەوە؟
لە منداڵیمەوە حەز و خولیام بۆ هونەر هەبوو‌ە، بەلای منەوە هونەری وێنەکێشان یا شێوەکاری کارێکی زۆر جوان و پیرۆزە، پێویستە هەموو ئەو کەسانەی ئەو بەهرەیەیان تێدایە، بەردەوام بن و گرنگی زۆری پێ بدەن. منیش ئەو بەهرەیەم هەبوو و توانیم لە شێوەکاریدا تواناکانی خۆم بدۆزمەوە، بەڵام درەنگ دەستم بۆ ئەو کارە برد و ساڵی 2014 دەستپێکی کارەکانم بوو لە شێوەکاریدا. هەروەها ماوەی دوو ساڵە کار لەسەر دروستکردن و کێشانی تابلۆ دەکەم و لەو ماوەیەدا توانیومە زیاتر لە 50 تابلۆ بکێشم. هەموو تابلۆکانیشم تایبەت کردووە بە گوڵ و زۆربەیشی لەسەر کانسل و کانڤاس کێشاوە.

بۆچی تەواوی تابلۆکانت تایبەت کردووە بە گوڵ؟
لەبەرئەوەی هەموو جوانییەکانی ژیان لەناو گوڵەکاندایە، لەهەمان کاتدا گوڵ گوزارشت لە عەشق و خۆشەویستی دەکات و لە هەموو بۆنەیەک و هەموو دیزاینی شتەکاندا بەکار دەهێنرێت، بۆیە گوڵم کردووە بە دەستپێکی کارەکانم، چونکە زۆر عاشقی رەنگەکان و گوڵەکانم و نامەوێت لە دنیای گوڵدا بێمە دەرەوە. هەروەها گوڵەکان وەک مرۆڤ ڕۆحیان هەیە و کاتێک وەرزی پایز دێ گوڵەکان هەڵدەوەرێن و گەڵاکانیان زەرد دەبن و نامێنن، هەر لەبەرئەوە حەز بە وەرزی پایز ناکەم و حەز دەکەم گوڵەکان هەمیشە ڕەنگاوڕەنگ بن، بۆ ئەوەی ژیان بەردەوام بێت.

بۆچی ڕەنگی سوورت زیاتر لە هەموو ڕەنگەکانی تر بەکار هێناوە لە دروستکردنی تابلۆکانت؟
لەبەرئەوەی ڕەنگی سوور، ڕەنگی عەشق و خۆشەویستی و ئاگر و هێمایە بۆ زۆر شتی تر، منیش لەبەرئەوەی عەشقی گوڵ و ڕەنگی سوورم، بۆیە ئەو ڕەنگەم وەک ڕەنگی عاشقانە بەکار هێناوە. 

ئەگەر ڕەنگی سوور ڕەنگی عەشقە، بۆچی ڕەنگی ڕەشت لە باکگڕاوەندی هەموو تابلۆکانتدا بەکار هێناوە؟
هەرچەندە ڕەنگی ڕەش بە لای زۆربەی خەڵکەوە بۆ شووم و نەگبەتی بەکار دەهێنرێت، بەڵام لەلای من بە پێچەوانەوە بۆ پێدانی شەوق بە ڕەنگەکانی تر بەکار دەهێنرێت، هەروەها ڕەش ڕەنگێکی بێ لایەنە و ڕەنگەکانی تر زۆر جوان لەسەری دەردەکەون، بۆیە ڕەنگی ڕەشم بۆ هەموو باکگڕاوەندی تابلۆکان بەکار هێناوە، تا ئەو ڕەنگە ڕەشە شەوق بدات بە ڕەنگی سووری گوڵەکان.

تا ئێستە هیچ پێشانگەیەکی تایبەت بە شێوەکاریت کردووەتەوە؟
ئەمساڵ لە ڕۆژی لە دایکبوونی خۆم لە 7-7-2018 یەکەم پێشانگەی تایبەت بە خۆمم لە سلێمانی کردەوە. ئێستە کار دەکەم بۆ ئامادەکردن و تەواوکردنی چەند تابلۆیەکی تر، بۆ ئەوەی بەمنزیکانە دووەم پێشانگەی شێوەکاری تایبەت بە خۆم لە شاری هەولێر بکەمەوە.

ئامانجت لەڕێی هونەری شێوەکارییەوە چییە و دەتەوێ بەچی بگەی؟
لەبەرئەوەی من وەک ژنێک شانبەشانی پیاو توانای ئەوەم هەیە بەسەر هەموو کۆسپەکاندا زاڵ بم و دەتوانم هەموو گرفتەکان تێپەڕێنم و بگەم بە ئامانجەکانم، بۆیە دەمەوێت لەڕێی شێوەکارییەوە تواناکانم دەربخەم و هەوڵ بۆ ئامانجەکانم بدەم. هەروەها دەمەوێت تابلۆکانم سەرنجڕاکێش بن و بگەن بە دەستی هەموو کەسێک، بە تایبەتی ئەوانەی حەز لە تابلۆ و هونەری وێنەکێشان دەکەن، بۆ ئەوەی سەرنج و بۆچوون و ڕەخنەکانیان لەبارەی پێشکەوتنی تواناکانم بزانم.

جگە لە هونەری شێوەکاری، بەهرەت لە چیی تردا هەیە؟
جگە لە هونەری شێوەکاری، دەستی نووسینم لە شیعردا هەیە و تا ئێستە چەندان شیعرم نووسیوە، بەڵام هێشتا نەمکردوون بە کتێب، بەهۆی ئەوەی حەزی زیاترم بۆ لای هونەری شێوەکاری رامدەکێشێ و زۆربەی کاتەکانی خۆمم بۆ تابلۆکانم تەرخان کردووە، بەڵام بە نیازم بەمنزیکانە سەرجەم شیعرەکانم کۆ بکەمەوە و چاپیان بکەم.

ئەی مەبەستت لە نووسینی شیعردا چییە؟
مەبەستم لە شیعر ئەوەیە هەستی خۆم بە نووسین دەربڕم، چونکە هەموو مرۆڤێک کاتێک هەستێکی لە ناخدا بۆ دروست دەبێت، بە نووسین هەستەکانی خۆی دەردەبڕێت. جگە لەوەش حەز و ئارەزوویەکی زۆرم بۆ نووسینی شیعر هەیە، بۆیە لە داهاتوودا حەز دەکەم شیعرەکانم چاپ بکەم و بۆ خوێنەران بڵاوی بکەمەوە.

شیعرەکان زیاتر عاشقانەن بۆچی؟
زۆربەی شیعرەکانم عاشقانەیە و باس لە هەست و سۆز و خۆشەویستی دەکات. هەروەها زۆربەی شاعیرانی کۆن کاریگەرییان لەسەرم هەیە، چونکە کتێبەکانیان زۆر دەخوێنمەوە، بە تایبەتی "نالی – مەحوی". بەڵام لە شیعردا ستایلێکی تایبەت بەخۆمم هەیە، زۆر جاریش هەمان ئەو ستایلانە بەکار دێنم کە شاعیرانی کلاسیک بەکاریان هێناوە.

خۆشەویستیت زیاتر بۆ تابلۆ یان شیعر هەیە؟
هەردوو لایەن بۆ من وەک یەک خۆشەویستن، چونکە هەردوو لایەن هەڵقووڵاوی ناخی خۆمن و دەمەوێت لەم دوو ڕێیەوە هەستی خۆم بخەمە ڕوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاتی زیاترم بۆ تابلۆکان تەرخان کردووە.

وشە/ دیمانە- محەمەد جەمال








وشە - تایبه‌ت