"ئێران پارەی ساختە هەناردەی كوردستان و عێراق دەكات"

:: AM:10:24:15/08/2018 ‌
دوای بڵاوبوونەوەی چەند گرتە ڤیدیۆیەكی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی عێراق لەلایەن پۆلیسی یەكێك لە پارێزگاكانی عێراق، هاووڵاتیان ئێستە بە ترسەوە مامەڵە بە پارەی "گەورە" دەكەن.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی ئاب، عەبدوڕەحمان حاجی كەمال خاوەنی نووسینگەی دراو گۆڕینەوە بۆ "وشە" گوتی، دابەزینی دراوەكان كاریگەری هەیە لەسەر بازاڕی كوردستان و هاووڵاتییان سەریان لێ شێواوە.

لەبارەی دراوی ساختە و گومانەكان ئەو خاوەن نووسینگەیە گوتی، لە هەموو دنیا پارەی ساختە هەیە، بەمدواییە لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان زۆر بە توندی چاودێری بازاڕ دەكرێت و پۆلیس و ئاسایش كۆنتڕۆڵی تەواوی بازاڕیان كردووە.

ئەو خاوەن نووسینگەیە ئاشكرای كرد گومان زیاتر لە دراوی گەورەیە لەوانە 25 هەزاری عێراقی و 50 هەزاری و 100 دۆلاری، بەڵام هاووڵاتییان دەتوانن بە ئاسانی جیای بكەنەوە، تەنیا پەنجەیان تەڕ بكەن و بە پارەكەی دابێنن، ئەگەر ڕەنگی دایەوە، دەردەكەوێ ساختەیە.

هاوكات ڕێبوار عەوڵا پسپۆڕی بواری ئابووری بۆ "وشە" گوتی، لە بازاڕەكانی كوردستاندا پارەی ساختە هەیە، بەڵام بەم شێوەیە نییە لێی بترسیت، پارەی ساختە لەوڵاتێكدا هەیە كە ئاسایشی ئابووری لاواز بێت، بەمدواییەیش كۆماری ئیسلامی ئێران ئاسایشی ئابووری زۆر لاواز بووە و توركیایش بەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێت، بۆیە گومانی ئەوەیە كە پارەی ساختە لەلایەن ئەو وڵاتانەوە بۆ كوردستان ڕەوانە بكرێت.

ئەو ئابووریناسە گوتی، لە پاڵ پارەی ساختەدا كێشەی پارەی دڕاویش سەری هەڵداوە، ئاڵوگۆڕانی دراویش ئامێری پێشكەوتوو و زیرەك بۆ دۆزینەوەی پارەی ساختە بەكار دێنن ئێستە ئەوەش كارئاسانی بۆ هاووڵاتییان كردووە.



وشە - رامیار جەواد