پشكنینی سنوورەكانی كوردستان توند دەكرێ

:: AM:11:25:15/08/2018 ‌
گوتەبێژی یەكێك لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان گوتی، پشكنین لە دەروازە سنوورەیان توند دەكرێت و جگە لە دەست، بە ئامێری تایبەتیش ئێستە پشكنین دەكرێت، ئەمەیش لە ترسی گواستنەوەی نەخۆشییە گوێزراوەكان و هێنانی مادە هۆشبەرەكانەوەیە.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی ئاب، سیروان حوسێن گوتەبێژی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بۆ ئەم جەژنە پێشبینی هاتنی گەشتیارێكی زۆر ناكرێت، بەهۆی ئەو دۆخەی هەیە لە ئێران.

گوتەبێژی دەروازی حاجی ئۆمەران گوتی، لە دەروازەكان سەرجەم ڕێوشوێنەكان توند كراون بۆ ئەوەی ڕێگری بكرێت لە هەر هاووڵاتییەك هەڵگری ڤایرۆس بێت یان ڤایرۆسێك بڵاو ببێتەوە بۆ سنووری ئێمە نەگوازرێتەوە.

ئاماژەی دا، ئێستە لە سنوورەكان جگە لەوەی پشكنین بە دەست دەكرێ، بۆ هاتنی هەر هاووڵاتییەك، لەهەمان كاتدا پشكنینی ورد دەكرێت بە ئامێری تایبەت تا ڕێگری بكرێت لە هاتنی مادەی هۆشبەر لەلایەن كەسەكانەوە.

لە ئەگەری بوونی هەر حاڵەتێكدا، ئەوا دەروازەكان ئاسایشی خۆیان هەیە و ڕێكاری توند دەگرنەبەر. سیروان وای گوت.
 
میدیاكانی دنیا لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێران كە وەك ناوەندی مادە هۆشبەرەكان لە دنیا ناو دەبەن، زۆر هاووڵاتی دووچاری كێشانی دەبن و هەرێمی كوردستانیش هەمیشە لە هەوڵی ڕێگرییە بۆ ئەوەی نەگوازرێتەوە بۆ عێراق.




وشە - رامیار جەواد